بە ڤیدیۆ.. بۆ رزگاركردنی منداڵێك سەگێك خۆی دەكاتە قوربانی

:: AM:11:04:25/07/2019 ‌

 

لە داستانێكی پاڵەوانانەدا، دوو سەگ هەوڵی رزگاركردنی منداڵێك دەدەن لە دەست مارێكی كۆبرای گەورە، بەهۆیەوە یەكێك لە سەگەكان دەمرێت.

لە شاری كیداباوانی ناوچەی كوتاباتوی فلیپین، چەند رۆژێك پێش ئێستە گرتەیەكی كامێرای چاودێری ماڵان بڵاو كرایەوە و تێیدا دەردەكەوێت كە مارێكی كۆبرای گەورە لە حەوشەی ماڵەكەدایە و (سكای)ی تەمەن چوار ساڵانیش لەسەر جێیەكەی لە حەوشەكەدا خەوتووە.

ماڵپەڕی "نیویۆرك پۆست" ڤیدیۆیەكەی بڵاو كردووەتەوە، دەردەكەوێت كە مارە كۆبرایەكە بە ئاراستەی منداڵەكە دەجووڵێت، بەڵام دوو سەگی ئەو ماڵە بەرەو رووی دەبنەوە.

وەك لە گرتە ڤیدیۆیەكە دیارە، سەگەكە سەرەتا زۆر بوێرانە لەگەڵ مارە كۆبرایەكە دەجەنگێت، بەڵام بە تەنیا دەرەقەتی نایەت و داوای هاوكاری لە سەگەكەی تر دەكات تا یارمەتی بدات.

دوای دوو خولەك لە شەڕێكی پاڵەوانانەی سەگەكە بۆ زرگاركردنی گیانی منداڵەكە، مارە كۆبرایەكە زۆر بە  سەگە سپییەكەوە دەدات، ئەگەرچی دواجار هەردوو سەگەكە توانییان منداڵەكە رزگار بكەن، بەڵام سەگە سپییەكە كە تەمەنی تەنیا دوو ساڵ دەبێت، بەهۆی ژەهری مارەكە و تێكەڵبوونی بە جەستەی، دەمرێت، سەگەكەی تریش كە تەمەنی چوار ساڵانە، بەهۆی ژەهر هاوێشتنی مارەكە بە ئاراستەی دەموچاوی، چاوەكانی كوێر دەبن.

دوای رووداوەكە، باوكی منداڵەكە دەڵێ من و هاوسەرەكەم سەرقاڵی كار بووین، منداڵەكەمان لای منداڵەكانی تر جێهێشت كە ئاگاداری بن، گوتی "كاتێك ڤیدیۆیەكەم بینی شۆك بووم، بۆیە زۆر سوپاسگوزاری ئەو دوو سەگە بوێر و ئازایە دەكەین كە منداڵەكەی ئێمەیان رزگار كرد، زۆر بیریان دەكەم!".


 



وشە - فه‌رمان سادق