ئه‌ندامێكی دیاری ناو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی كۆماری عێراق ده‌داته به‌ر ڕه‌خنه و پێی ده‌ڵێ، تۆ ته‌نیا خه‌ریكی "ته‌كه‌تولاتیت" و ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یكه‌ی وه‌ك سه‌رۆكی كۆماری عێراق، سه‌رۆكی عه‌شیره‌تێكیش نایكات.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م (25ی تەمووز) فازیل كه‌ریم ئه‌حمه‌د ناسراو به "مامۆستا جه‌عفه‌ر" ئه‌ندامی دیاری ناو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، نامه‌یه‌كی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووك بڵاو كردووه‌ته‌وه كه بۆ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی كۆماری عێراقی ناردووه و تێیدا كۆمه‌ڵێ گازانده‌ی لێ ده‌كات و به كه‌سێكی ته‌كه‌تولچی ناوی ده‌بات و ڕه‌فتاره‌كانی شیاوی كه‌سێك نابینێ كه سه‌رۆكی وڵاتێك بێت و سه‌ره‌تا به خه‌مێكی گه‌وره ده‌ست پێ ده‌كات كه ناوی كۆمه‌ڵێ شه‌هیدی حزبه‌كه‌ی ده‌هێنێ و ده‌ڵێ، به‌داخه‌وه ئه‌وان مردن و تۆ ڕه‌نجه‌كه‌یان ده‌خۆیت.
له‌و نامه‌یه‌دا كه هه‌شتی ئه‌م مانگه بۆ به‌رهه‌م ساڵحی ناردووه، باسی له‌وه كردووه چۆن بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تاكه‌كه‌سی، هانی چه‌ند كارمه‌ندێكی سه‌رۆكایه‌تی داوه هێرش بكه‌نه سه‌ر هاووڵاتیان و ده‌شڵێ، تۆ سوپایه‌ك له ڕۆژنامه‌نووست بۆ نووسین له دژی من خستووه‌ته گه‌ڕ، له‌كاتێكدا "له‌كه‌ركوك و خانه‌قی و دووزخورماتوو رۆژانه سێ چوار هاووڵاتی ده‌كوژرێت و ده‌غڵ و دانیان ده‌سووتێن، ئه‌ی بۆ ژه‌نه‌راڵه‌كانی نووسینگه‌ی سه‌رۆك كۆمار نایه‌نه ده‌نگ، هه‌ر بۆ ئێمه ئازان!"
مامۆستا جه‌عفه‌ر هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "به‌لامه‌وه سه‌یره كه‌سێك سه‌رووی 20 ساڵ له به‌ریتانیای گه‌وره و باكووری ئه‌مه‌ریكا ژیابێت و سه‌یری گاردیان و ده‌یلی میلی نه‌كردبێت و ره‌خنه‌و ره‌خنه‌كاری دژی حكوومه‌ت و سه‌رۆك وه‌زیره‌كان نه‌خوێندبێته‌وه. كه‌سێك گوێی لێبووه جۆن مێجه‌ر یان تۆنی بلێر هانی خه‌ڵكی دابێت دژی رۆژنامه‌نووسێك جوێننامه و قسه‌ی سووك و بێتام بڵاو بكرێته‌وه!"
بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی نامه‌كه‌ی فازیل كه‌ریم ئه‌حمه‌د ناسراو به مامۆستا جه‌عفه‌ر:
نامه‌یه‌كی كراوه بۆ سه‌رۆك كۆمار
به‌ڕێز د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح
ئه‌بێ به‌خشنده مل كه‌چ كا له‌راستی مووچه خۆری خۆی
سوراحی سه‌رفروو دێنێ له بۆ پیاڵه كه تێكا بۆی
(پیره‌مێرد)
پاش رێز‌و سڵاو
سه‌رۆك كۆماری وڵاتانی پێشكه‌وتوو، ده‌بنه باوكی گه‌ل و نیشتمان و له‌كاری سیاسیش هه‌ڵوێستی بێ لایه‌ن وه‌رده‌گرن. به‌ڕێزتان له‌لایه‌كه‌وه خه‌ریكی ته‌كه‌تولات و تۆڵه سه‌ندنه‌وه‌ن، له‌لایه‌كی تره‌وه، له‌ڕووی سیاسییه‌وه، ناڵێم هه‌رزه‌كارانه بیرده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام ده‌ڵێم: ره‌فتاری ئێوه له‌ره‌فتاری كه‌سایه‌تیه‌كی گه‌وره‌و سه‌رۆك عه‌شیره‌تیش ناچێت!
هه‌زار جار رووی زمانه ره‌ش بێت و هه‌زار نه‌فره‌ت له مێژووی ته‌كه‌تولات و ده‌سته‌گه‌ری و فراكسیۆنسازیی ناو یه‌كێتی، پیاوی ئه‌وتۆی هێناوه‌ته پێشه‌وه، له‌هه‌موو شت ده‌چن به‌س له ((كاره‌كته‌ری سیاسی)) نه‌بێ. ئارام شه‌هید ده‌بێت و شه‌هاب و جه‌عفه‌ر ئیعدام ده‌كرێن و عه‌لی عه‌سكه‌ری و دكتۆر خالد و عه‌لی هه‌ژار و كاردۆ گه‌ڵاڵی شه‌هید ده‌بن و هه‌ڵه‌بجه كیمیایی باران ده‌كرێت و به‌رهه‌می ئه‌و هه‌موو قوربانییه بۆ كورسی سه‌رۆكایه‌تی كۆماره‌و ئه‌وه‌ش پێشكه‌شی به‌ڕێزتان ده‌كرێت. تا ساڵی 1991 ئه‌گه‌ر جاڵجالۆكه‌ی ته‌كه‌تولات نه‌بوایه كێ جه‌نابتی ده‌ناسی! ئێستاش كارامه‌یی و ئازایی به‌ڕێزتان نه‌بوو، كه بوونه سه‌رۆك كۆمار، جارێكی تر ته‌كه‌تولات و ده‌رهاویشته‌كانی ریفراندۆم و گوشاری دژانی ریفراندۆم بۆ سه‌ر ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتی كوردی، ئێوه‌یان بۆ سه‌ر شانۆ هێنایه‌وه.
كرده‌وه‌یه‌كی تری به‌ڕێزتان، كه له‌كرده‌وه‌ی پیاوی به‌رپرسیاری گه‌وره ناچێت، هانی مووچه‌خۆره‌كانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمارت داوه، هێرش بكه‌نه سه‌ر هاووڵاتیه‌ك. به‌ڕێزت هانی دوو كه‌ست داوه كه ئه‌مه پله‌ی وه‌زیفییانه:
1. رۆژنامه‌نووس له نووسینگه‌ی رۆژنامه‌ڤانیی سه‌رۆك كۆماری عیراق.
2. سه‌رۆكی نووسینگه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م.
جارێ ئه‌مه پێش هه‌موو شتێ پێشێلكردنی قانونه، سه‌رۆك كۆمار بۆی نییه، ده‌زگای سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار بۆ مه‌به‌ستی زۆر تایبه‌تی خۆی به‌كاربهێنێت. دیاره ئه‌و داماوانه ناچار كراون له‌ترسی سزا‌و نانبڕان په‌لاماری ئه‌و كه‌سه بده‌ن، كه به‌ڕێزتان ئاراسته‌كه‌یان بۆ دیاری ده‌كه‌ن. ئه‌م جۆره كه‌سانه شایانی به‌زه‌یین و هه‌ڕه‌شه‌یان لێكراوه، ده‌بێ په‌لامار بده‌ن و نه‌پرسن ئه‌و كه‌سه كێیه؟
من دژی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار یه‌ك وشه‌م نه‌نووسیوه، تا سوپای بێ شوماری رۆژنامه‌نووسانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار هانده‌ده‌یت لێم بچنه سه‌نگه‌ره‌وه. له‌كه‌ركوك و خانه‌قی و دووزخورماتوو رۆژانه سێ چوار هاووڵاتی ده‌كوژرێت و ده‌غڵ و دانیان ده‌سووتێن، ئه‌ی بۆ ژه‌نه‌راڵه‌كانی نووسینگه‌ی سه‌رۆك كۆمار نایه‌نه ده‌نگ، هه‌ر بۆ ئێمه ئازان!
من نه‌مبیستووه، سه‌رۆك كۆمارێك مووچه‌خۆره‌كانی به‌رده‌ستی خۆی دژی نووسه‌رێك هاندابێت. له‌وڵاتانی رۆژاوا سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆك كۆمار هێلكه‌و ته‌ماته‌یان تێده‌گرن و هه‌ر بێزیشیان نایه‌ت ئاوڕبده‌نه‌وه.
یه‌كێك له‌وانه‌ی له‌هه‌فته‌نامه‌ی رووداو ناویم به‌رچاو كه‌وت و ره‌خنه‌ی بێ سه‌روبه‌رو مناڵانه و نازانستیانه‌ی له نووسینه‌كه‌ی من گرتووه، له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكدا ئه‌م حزبانه‌ی كردووه:
1. یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان
2. بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له كوردستان
3. پارتی دیموكراتی كوردستان
4. ی. ن. ك
5. گۆڕان
6. هاوپه‌یمانی
ئه‌مه‌یه، به‌خێرێ، گوڵبژێری ئێوه له‌ناو نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووساندا. جه‌مال عه‌بدولناسر (جمال عبدالناصر) یه‌كێكی وه‌كو محه‌مه‌د حه‌سه‌نێن هه‌یكه‌ل (محمد حسنین هیكل)ی كردبووه راوێژكاری رۆژنامه‌وانیی خۆی، جه‌نابیشت كۆمه‌ڵێكت له‌خۆت كۆكردۆته‌وه، هه‌موو شتێكن ته‌نیا رۆژنامه‌نووس نین.
هه‌ر كه‌سێك، ده‌وروبه‌ره‌كه‌ت ببینێت (دوو سێیه‌كیان نه‌بێت) یه‌كسه‌ر ده‌زانێت تۆ بیرت نه لای به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی گه‌لی كوردستانه و نه هیچ سۆزێكت بۆ عه‌ره‌بی شیعه‌و سونی هه‌یه. ئه‌گه‌ر وه‌كو فرۆیدیش بیر له كه‌سایه‌تی تۆ بكه‌مه‌وه: خه‌ونی سه‌ره‌كی به‌ڕێزتان هه‌ر ئه‌وه بوو، رۆژێك ببنه سه‌رۆك كۆمار، نه‌ك بۆ چاكسازی و خزمه‌تی خه‌ڵك، نه ته‌نیا بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه له تارمایی و سێبه‌ره‌كانی رابردوو!
به‌هه‌ڵه‌داچووی دكتۆر
جه‌نابت پێتوابوو، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی له‌شكری رۆژنامه‌نووس و فه‌یسبوكچیی دژی من هاندران, ئیدی من زه‌نده‌قم ده‌چێت و له‌ماڵی دراوسێكان ده‌نووم. دڵنیات ده‌كه‌مه‌وه هه‌زاران كه‌سی تریش بۆ قسه‌ی به‌رزو نزم ته‌رخان بكه‌یت، ئه‌وه‌نده‌ی تاڵه ده‌زوویه‌كی باریكیش كاریگه‌ری له‌سه‌ر من نابێت. به پێچه‌وانه‌وه ئه‌م كاره دزێوانه قه‌ناعه‌تیان پێ‌كردم، هه‌رچیم هه‌یه و نییه له‌سه‌ر تۆ بڵاویان بكه‌مه‌وه‌و هیچ هێزێكیش ناتوانێت رێگه‌م لێبگرێت!
صدام حسین به‌و هه‌موو دڕنده‌یی و ده‌سه‌ڵات و جه‌به‌رووت و سوپا و ئه‌من و موخابه‌رات و تانك و زرێپۆشه‌وه حوكمی ده‌كرد. ساڵی 1977 ئێمه له چه‌قی به‌غدا رێكخراوی (هه‌ڵووی سوور)مان دروست كرد. ئێستا سه‌رده‌مه‌كه گۆڕاوه‌و سه‌رۆك كۆمار، به ناڕاسته‌وخۆ هه‌ڕه‌شه‌مان لێده‌كات، له‌سه‌رانسه‌ری عیراق كون نه‌ماوه خۆمانی تێدا قایم بكه‌ین.
به‌لامه‌وه سه‌یره كه‌سێك سه‌رووی بیست ساڵ له بریتانیای گه‌وره و باكووری ئه‌مریكا ژیابێت و سه‌یری (گاردیان) و (دێلی میل)ی نه‌كردبێت و ره‌خنه‌و ره‌خنه‌كاری دژی حكومه‌ت و سه‌رۆك وه‌زیره‌كان نه‌خوێندبێته‌وه. كه‌سێك گوێی لێبووه (جۆن مێجه‌ر) یان (تۆنی بلێر) هانی خه‌ڵكی دابێت دژی رۆژنامه‌نووسێك جوێننامه و قسه‌ی سووك و بێتام بڵاو بكرێته‌وه!
من له‌هه‌فته‌نامه‌ی (رووداو) نووسینێكم بڵاوكرده‌وه، به‌م ناونیشانه (د. به‌رهه‌م ساڵح له‌نێوان یه‌كێتی و هاوپه‌یمانی دا) نه زمانی زبرم به‌كارهێناوه، نه باسی قۆناخی (ئاماده‌یی شۆڕش) و نه‌باسی قۆناخی دروستكردنی (زانكۆی ئه‌مریكی) م كردووه، نه له‌سه‌ر هیچ لاپه‌ڕه‌یه‌كی ژیاننامه‌ی ئێوه شیكاری ده‌روونیم(psy choanalysis)كردووه.. هه‌رچه‌ند ده‌توانم قسه‌ی ئه‌وتۆ بنووسم، كه ئه‌و بیری لێنه‌كردبێته‌وه و قه‌ت به خه‌یاڵیدا نه‌هاتبێت و ته‌نیا حیسابی ئه‌وه‌ی كردبێت من زۆر رێز له به‌رامبه‌ره‌كه‌م ده‌گرم. كه‌سێك ئه‌وپه‌ڕی رێز نه‌نوێنێت، ناچار ده‌بم، ئه‌و كه‌سه فێری قانون و ئیحترام و رێزگرتن بكه‌م.
من (شیكاریه‌كی سیاسی)م له‌سه‌ر (دیارده)یه‌ك نووسیوه، كه‌چی كه‌سه هه‌ره نزیكه‌كانی ئێوه به زمانی (چه‌قۆكێش) و (شه‌قاوه) ده‌قه‌كانی خۆیان نووسیوه. ئه‌مه (تیرۆری فیكری) و بڕوا نه‌بوونه به مافی مرۆڤ و (ئازادی بیروباوه‌ڕ) و به‌رێزتان خۆتان وا پیشانده‌ده‌ن، كه زۆر رووناكبیرن، مه‌خابن ئاستی رۆشنبیری ئێوه هی كۆلكه خوێنده‌وارێكی سه‌رده‌می شێخ مه‌حموودی حه‌فیدیش نییه! دڵی خۆت زۆر به ته‌كتول و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ت خۆش مه‌كه! ئه‌و هێزه‌ی ئێوه شانازی پێوه ده‌كه‌ن هێزێكی فشۆڵ و بێ بنه‌ماو كاتیه، خۆ تۆ له (صدام حسین) و (عمر بشیر) به‌هێزتر نابیت.
ده‌ستی خۆم نییه و ماری پێده‌گرم
زۆرم پێناخۆشه، كه‌سانێك چاویان له‌ده‌ستی به‌ڕێزتانه، به هه‌ڕه‌شه وچاو لێ سووركردنه‌وه، ناچار بكرێن دژی كه‌سانێك بنووسن، كه تاوانه‌كه‌یان (شیكاركاری سیاسی)ه، كه ئه‌نجامگیری و ته‌كنیكی نووسینه‌كه به‌دڵی به‌ڕێزتان نییه!
یه‌كێك له‌وانه‌ی لێپرسروای نووسینگه‌كه‌ته و ئه‌وی تریان رۆژنامه‌نووسه له نووسینگه‌ی رۆژنامه‌ڤانیی سه‌رۆك كۆماری عیراق. به‌ڕێزتان ره‌نگه بفه‌رموون: (كه ئاگاتان لێی نییه و به‌بێ ئاگاداری به‌ڕێزتان ئه‌م كاره كراوه!):
یه‌كه‌م: كاری لێپرسراوی نووسینگه‌ی به‌ڕێزتان چه‌ند ئه‌ركێكی گرنگه، جوێندان و گاڵته به خه‌ڵك و سووكایه‌تی تێدا نییه. فه‌رموون كارنامه‌ی نووسینگه‌كه‌تان بڵاوبكه‌نه‌وه!
دووه‌م: لێپرسراوی نووسینگه‌كه‌تان به‌بێ پرس و ئاگاداری به‌ڕێزتان له‌خۆڕا په‌لاماری خه‌ڵك ده‌دات، یان به‌ڕێزتان به‌شێوه‌ی دیكتات(تلقین) ده‌رست داداون!
سێیه‌م: گریمان به‌ڕێزتان ئاگاتان لێنه‌بووه. ئه‌وكاته ده‌بێ روونكردنه‌وه به‌ناوی نووسینگه‌كه‌تانه‌وه بڵاوبكرێته‌وه، كه فڵان كوڕی فڵان به‌بێ ئاگاداری و ره‌زامه‌ندی و ده‌ست له پشتدانی به‌ڕێزتانه‌وه ئه‌م كاره‌ی كردووه.
ئه‌م دووانه به چاوقایمی و هه‌ر بۆ ته‌حه‌دا ناوی ئاشكرا‌و شوێنی وه‌زیفه‌ی خۆیان نووسیوه!
له زیندانه‌وه بۆ بریتانیای گه‌وره
له‌ساڵانی رابوردوو چه‌ند كه‌سێك به ئه‌رێنی و به نه‌رێنی قسه‌یان له‌سه‌ر گرتنی به‌ڕێزتان كردووه. به‌شێك نووسیویانه خۆڕاگربووه و پاژه‌كه‌ی تر ده‌ڵێن: سێ مانگ زیندانی كراوه‌و باوكی فریای كه‌وتووه‌و ئازادی كردووه. من له بابه‌تێك نادوێم سه‌د له‌سه‌د دڵنیا نه‌بم!
ده‌مه‌وێ پرسیارێك ده‌رباره‌ی پاسپۆرت وه‌رگرتن و ره‌زامه‌ندی ئه‌من و رێگه‌پێدانی ئه‌وان بكه‌م بۆ ئه‌وانه‌ی زیندانی ده‌كران. هه‌روه‌كو بیرم بكه‌وێته‌وه له‌سه‌رده‌می به‌عس (حڤر) مۆڵه‌تنه‌دان به سه‌فه‌ری زیندانیه سیاسیه‌كان په‌پڕه‌وی ده‌كرا. ساڵی 1976 ئه‌ندامێكی كۆمه‌ڵه گیراو دانی به (هیچ) دا نه‌نا و پاش چه‌ند مانگێك ئازاد كرا. تا ماوه‌ی چوار ساڵیش رێگای سه‌فه‌ریان بۆ ده‌ره‌وه‌ی عیراقیان لێگرت.
ئه‌وكاته به‌عس قانونێكی دانابوو، هه‌ر كه‌سێك زیندانی بكرێت تا ماوه‌ی (5) ساڵ بۆی نه‌بوو بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات سه‌فه‌ر بكات. ئه‌م قانونه له‌رۆژنامه‌ی ره‌سمی (الوقائع العراقیه) دا بڵاو كراوه‌ته‌وه. باشه ئه‌و نزیكه‌ی دوو مانگ ده‌سته‌به‌سه‌ر بووه. مانگی حوزه‌یرانی 1979 به‌شداری له تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كالۆریا كردووه. به یه‌كه‌میش ده‌رچووه. پاش ماوه‌یه‌كی كورت(چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك) پاسپۆرتی بۆ ده‌رده‌كرێت. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئه‌منی عیراق، ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر داواكه‌ی ده‌رده‌بڕێت و ڤیزه له پاسپۆرته‌كه‌ی ده‌ده‌ن. رێگه‌ش ده‌درێت بۆ خوێندن مانگانه پاره‌ی بۆ بچێت!
من پێمباشه دكتۆر روونكردنه‌وه‌یه‌ك بدات، چونكه دۆسته‌كانی رۆژانه چیرۆكه‌كه ده‌گێڕنه‌وه‌و وه‌ڵامی دڵنیاكه‌ریان لا نییه!
به‌ڕێز دكتۆر
لای به‌شێك له هه‌ڤاڵانی (م.س) ده‌نگۆیه‌كم بیست، گوایه به‌ڕێزتان فه‌رمووتانه: من داوای بینینی به‌ڕێزتانم كردبێت و به‌ڕێزتان ره‌فزتان كردبێت، بۆیه من به (تووڕه‌ییه‌وه) گوتاره‌كه‌م نووسیوه. لای كێ داوام پێشكه‌ش كردووه؟ ئه‌وه گه‌زو ئه‌وه مه‌یدان! فه‌رموون با به به‌ڵگه‌وه قسه‌كانیان بكه‌ن و منیش كه‌ناڵی ئاسمانی زۆر‌و زه‌به‌ندم له‌به‌رده‌ستدایه. قسه‌ی واشم كردبێت هه‌ر زۆر ئاساییه. من كێشه‌م نه له‌گه‌ڵ به‌ڕێزتان و نه له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێكی ناو یه‌كێتی و ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی هه‌یه. من دژی هه‌موو باڵ و ته‌كه‌تولاتی ناو یه‌كێتیم! به‌ڕاستی حه‌یای خۆیان و كوردیشیان بردووه. هه‌ر هه‌موو خه‌ریكی ملشكاندنی یه‌كترن. من پێمخۆشه هه‌مووو گه‌لی كورد یه‌كگرتوو بێت، چجای یه‌ك هه‌ڵوێستی نێو ماڵی یه‌كێتی!
به‌ڕێزتان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆتان پرۆسه‌ی سیاسی كوردستانتان له گرێژه‌نه ده‌ركردو ئێستاش شانازی به‌وه‌وه ده‌كه‌ن ته‌كه‌توله‌كه‌تان سه‌ركه‌وتووه. ئه‌م جۆره سه‌ركه‌وتنه له‌دۆڕان ناخۆشتره.
من ئه‌م نامه‌یه و گوتاره‌كه‌م به زمانی گوڵ نووسیوه‌و قه‌ت له‌دڵم نایه‌ت زمانی زبر‌و دڕكاوی به‌كاربهێنم، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ كه‌سانێك دووجار پێكه‌وه قاوه‌یه‌كمان خواردبێته‌وه!
به‌هیوای سه‌لامه‌تی و ته‌ندروستی باش
هاووڵاتی
مامۆستا جه‌عفه‌ر
8/7/2019