وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە نووسراوێكدا دەوامی فەرمانبەران و مامۆستایانی دیار كرد و بەپێی بڕیارەكە دەبێ هەفتانە مامۆستایان 30 سەعات دەوام بكەن.
ئەمڕۆ پێنجشەم 25ی تەمووز، بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە تیایدا هاتووە، پێویستە هەموو ڕاگر و سەرۆكی زانكۆیەكان فەرمانبەران ئاگادار بكەنەوە كە ئیتر دەوام لە سەعات هەشتی بەیانی تا سێی دوای نیوەڕۆ دەبێت.
لە بڕگەیەكی تری بڕیارەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە بەپێی ڕاژەی زانكۆیی پێویستە مامۆستایان بە لایەنی كەم هەفتانە 30 سەعات ئامادەبوونیان هەبێت جگە لە كاتی پشووی هاوین بۆ ئەو مەبەستەیش پێویستە مامۆستایان خشتەی كاتەكانیان لەلایەن سەرۆكی بەشەكانیانەوە پەسەند كرابێت.
ئەوە لە كاتێكدایە كە پێشتر مامۆستایانی زانكۆ بەپێی خشتەی وانە گوتنەوە و توێژینەوەكانیان دەوامیان دەكرد و كاتی دەوامیان بۆ دیار نەكرابوو.