یاریزانێكی كوردی كەركووك نوێنەرایەتیی عێراق دەكات

:: PM:07:47:13/01/2017 ‌
یاریزانێكی تێنسی سەر زەوی، لەدایكبووی ساڵی 2001ی كەركووكە و لە 2010ەوە لە ڕیزەكانی یانەی كەركووك یاری دەكات و لە مانگی فێبرایەری داهاتوودا نوێنەرایەتیی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵەوانێتیی جامی دێڤس كەپی جیهانی دەكات، كە لە وڵاتی هیندستان بۆ تێنسی سەر زەوی دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی 13ی یەنایەر، هەردی دلێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ساڵانی 2013، 2014، 2015 پاڵەوانێتی تۆپی تێنسی سەر زەوی عێراقم بەدەست هێناوە، لە 2014شدا پلەی یەكەمی پاڵەوانێتی تێنسی سەر زەوی كوردستان و لە هەمان ساڵدا سێیەمی پاڵەوانێتی ڕۆژئاوای ئاسیام بەدەست هێنا كە لە لبنان ساز كرابوو.

زیاتر گوتی، جامی دێڤس كەپ كە ئەمجارە لە مانگی فێبرایەری داهاتوو لە وڵاتی هیندستان ئەنجام دەدرێت و 8 وڵات (عێراق، لبنان، ئیمارات، سعوودیە، ئێران، مالیزیا، كوێت و هیندستان) بەشدار دەبن. تەنیا لە یاریزانانی هیندستان و مالیزیا چەكەرە دەكەم، ئەگینا دڵنیام پلەی یەكەمی ئەم پاڵەوانێتیەش بەدەست بێنم. لەگەڵ ئەوەشدا ئومێدەوارم پلەیەكی باش بەدەست بێنم و بڕیارم داوە ئاڵای پیرۆزی كوردستانیش لەگەڵ خۆمدا ببەم و لە كاتی خەڵات كردنمدا ئاڵای كوردستان لە یاریگاكە بشەكێنمەوە.

ئەو یاریزانە گلەییەكانی نەشاردەوە و گوتی، ئەو یاریگەیەی ئێستە مەشقی تێدا دەكەین، هی ساڵانی شەستەكانی سەدەی ڕابردووە، بۆیە داوا لە بەرپرسانی ئیدارەی كەركووك و خەمخۆرانی وەرزشی یانەكە دەكەم، یاریگەیەكی تارتانی نوێمان بۆ دروست بكەن و سەرجەم پێداویستییەكانی یارییمان بۆ دابین بكه‌ن. خراپی و نەشیاویی یارگاكەی خۆمانیش وای لێكردووین، پێش دەست پێكردنی پاڵەوانێتیەكە كۆرسێكی هەشت ڕۆژی لە یاریگاكانی هەولێر ئەنجام بدەین و چەند ڕاهێنەرێكی بیانیش سەرپەرشتیمان بكەن. 
كه‌ركووك: نه‌به‌ز ر


وشە - عه‌لی سدیق