پۆلیس لە بارەی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر مامۆستایەك ڕوونكردنەوە دەدات

:: PM:01:28:27/07/2019 ‌

پۆلیسی كەركووك لەبارەی دەستدرێژی مامۆستایەك بۆ سەر مامۆستایەكی تر و سك پڕكردنی ڕوونكردنەوە دەدات و سكاڵاكە براوەتە دادگا و هەفتەی داهاتوو كەیسەكە یەكلا دەبێتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 27ـی تەمووز، عەقید ئەفراسیاو گوتەبێژی پۆلیسی كەركووك بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ڕۆژانە ڕووداوی جۆراوجۆر بۆ پۆلیس دێت و دەستدرێژی سێكسیشی تێدایە.

گوتەبێژی پۆلیسی كەركووك گوتی، بۆ تاوانی دەستدرێژی سێكسی بەشەكانی تری پۆلیسی بەدواداچوونیان كردووە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن.

بەپێی بەدواچوونێكی "وشە" ئەو ڕووداوەی دەستدرێژی سێكسی مامۆستایەك بۆ سەر مامۆستایەكی وانەبێژ، لە كۆتایی ساڵی خوێندنی 2015 بووە و هۆكاری ئاشكرای نەبوونیشی بەهۆی هەڕەشەی ئەو مامۆستایە بووە بۆ سەر مامۆستا ژنەكە.

لە زانیارییەكان ڕوون كراوەتەوە، ئەو مامۆستایە دواتر هەوڵی داوە لە ڕێی ڕێككەوتنی كۆمەڵایەتی و پارە كێشەكە چارەسەر بكات و مامۆستا ژنەكەشی ناچار كردووە كە لێی دووگیان بووە منداڵەكە لەبار ببات.

ئەو ڕووداوە لە كاتێكدایە لە ماوەی ڕابردوو ناوەندەكانی لێكۆڵینەوەی هۆشدارییان لە دەستدرێژی سێكسی لە پارێزگاكانی عێراق داوە كە بەشێكی دەستدرێژییەكان لەژێر خواردنەوەی مادە هۆشبەرەكان.


كەركووك/ سەبری هۆڕێنی



وشە - رامیار جەواد