چی لەناو پاسەكانی ناوشاری سلێمانیدا دەگوزەرێت

:: PM:02:46:27/07/2019 ‌

 

لە وەرزی هاوین و هاتنی گەرما، پاسەكانی گواستنەوەی هاووڵاتی لەناو بازاڕەوە بۆ كۆڵان و گەڕەكە جیاوازەكان و بەپێچەوانەوە بەشێكی زۆریان فێنككەرەوە بۆ هاووڵاتییان داناگرسێنن، بەشێك لە پاسەكانیش بەهۆی كۆنی ئەو خزمەتگوزارییەیان نییە و هاووڵاتی تا دەگاتە بازاڕ یەك پارچە جلەكانی دەبێتە ئارەق.

ئەگەرچی بەشێك لە پاسەكانی گواستنەوەی هاووڵاتی لە سلێمانی مۆدێلیان بەرزه ‌و خزمەتگوزاری ساردكەرەوەیان هەیە، بەڵام شۆفێری پاسەكان ئامادە نین ئەو ساردكەرەوەیە داگیرسێنن و لەكاتی ڕۆیشتن داوا لە نەفەرەكان دەكەن پەنجەرەكان بكەنەوە كە بەوەش گڕەی گەرما هێندەی تر بێزاریان دەكات.

سەعات نزیكی دووی پاش نیوەڕۆیە و لە شوێنی چاوەڕوانی پاسەكان لە گەڕەكی كانی با چاوەڕێی هاتنی پاسم دەكرد، پلەی گەرما له ‌سەروو 45 پلەی سەدییە، گەرمایەكی پڕوكێنەری هەیە، دوای چاوەڕوانییەكی زۆر پاسێك دەركەوت و لەگەڵ پاسەكە سەركەوتم بۆ ناو بازاڕ، پاسەكە كۆستەرێكی مۆدێل كۆنە، هیچ مەرجێكی تێدا نەبوو تەنانەت ئەو كورسییانەشی نەفەرەكە لەسەری دادەنیشت تێكچووە، لەتاو گەرما ئارەق بە دەموچاوی نەفەرەكان دەهاتە خوارەوه،‌ منیش یەكێك بوم لەوان. جلەكان تەواو تەڕ بووبوون.

لە لایەك بەهۆی چاوەڕوانیی پاس گەرما تەنگی پێ هەڵچنیبووم، لە لایەكیش كە سەركەوتم هێندەی تر پلەی گەرمی جەستەم بەرز بووەوە، پاسەكە ئامێری فێنككەرە‌وەی نەبوو، پەنجەرەكانیش كرابوونەوه ‌و گڕە وەك پەرەمێز دەهاتە ژوورەوە.

پیاوێكی بەتەمەن لە تەنیشت دەرگاكە دانیشتبوو تەواوی گیانی تەڕبوو، وەك ئەوەی خۆی لە ئاو هەڵكێشابێ، لە تەنیشت گەنجێك دانیشتم دوای سڵاوكردن پێم گوت ئەو كەشی ناو پاسەت پێ چۆنە، پشتی نیشان دام و گوتی ئەوەتا ببینە پشتم خوساوە، ژنەكان هەموویان گەرمایان بوو، هەندێكیان بە عەبا و هەندێكی تر ئاسایی، بەڵام هەموو ئارەقیان كردبووەوە.

تا له ناو پاسەكە بیت گوێ بەو ئارەق و گەرما نادەی كە كردووتە‌، ئەوكاتەی پاسەكە دەگاتە ناو بازاڕ و نەفەرەكان دادەبەزن، كاتێك لە جێی خۆت هەڵدەستی و دەجووڵێی، ئەوكات دەزانی جلەكانت تەواو تەڕ بوون، شەرم و ڕوویەكی دەوێت بەو جلانەوە لە پاسەكە دابەزی و لەناو بازاڕ بسووڕێیتەوه،‌ بەتایبەت ئەگەر رەنگی جلەكەت سپی یان شین یان ئەو رەنگانە بێت كە كاڵن و پێوەی دیارە.

خزمەتگوزاری گواستنەوە لەو گەرمای هاوینەدا سفرە، تەنیا ئەوەندەیە پاسەكە نەفەرەكە هەڵدەگرێت ئیتر چۆن و بە چ حاڵێكەوە دەگاتەوە ماڵ یان دەچێتە بازاڕ، شۆفێرەكان گوێیان لێ نییه ‌و ئەوان تەنیا پارەی خۆیان وەردەگرن، كاتێكیش نەفەرێك ناڕەزایەتی دەردەبڕێ و داوای كردنەوەی فێنككەرەوە دەكات، بێ منەتانە دەڵێن دەتوانی بە تاكسی بڕۆیت یان دابەزی.

جگە لە پاسە مۆدیل كۆنەكان، پاسە نوێیەكانی وەك نیسان و جۆرەكانی تر كە مۆدێلیان بەرزە و كێشەی فێنككەرەوەیان نییە، لە كاتی هاتوچۆ ئەو فێنككەرەوەیە داناگیرسێنن، ئەمە گرفتێكی بەردەوامی هاووڵاتییان و ئەو نەفەرانەیە كە رۆژانە بە پاس هاتوچۆ دەكەن.

چەند شۆفێرێك كە لە پەنجەی دەست تێناپەڕن لە كاتی گواستنەوەی نەفەر بۆ بازاڕ یان گەڕەكەكان ئامێری فێنككەرەوە‌ دادەگیرسێنن، ئەوانە گوێ نادەنە سووتانی زیاتری بەنزین، بەو پێیەی كردنەوەی فێنككەرەوە كەمێك زیاتر بەنزین دەسووتێنێت، بەڵام شۆفێرەكانی تر بەهۆی ئەو بەنزینە زیادەوە ساردكەرەوە داناگیرسێنن.

دەمویست بە چەند وێنەیەك دۆخی ناو پاسەكە بگوازمەوە بۆ سەر ڕووپەڕی ماڵپەڕەكە و نیشانی خوێنەرانی بدەم كە لە پلەی گەرمی 45 دۆخی هاووڵاتی بەدەست گواستنەوە و پاسەكان چۆنە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەبووە كێشە بۆ شۆفێرەكان و كێشەو گرفتی بۆ نەفەرەكان دروست دەكرد، رێم پێ نەدرا ئەو كارە بكەم.

لە گەراجی پاسەكان شۆفێر و بەرپرسی هێڵەكە و ژمارەیەك شۆفێری تر دانیشتبوون، پێم گوتن كە رۆژنامەنووسم و دەمەوێت بۆ كارێك چەند وێنەیەكی ناو پاسەكان بگرم، بەڵام وەك ئەوەی خۆشیان دەزانن كە مەبەستەكەی من گەیاندنی كەموكوڕی و كێشەی پاسەكان بوو و پێیان گوتم، بەو وێنانە كێشەی كەموكوڕی پاسەكان دەگوازیتەوە، بۆیە رێیان نەدا ئەو كارە بكەم.

ئەمە چیرۆكی هەزاران هاووڵاتیی سلێمانییە كە ڕۆژانە بۆ ئیشوكارەكانیان لە ماڵەوە بۆ بازاڕ و بەپێچەوانەوە و هەندێكیش بۆ ئیشوكار و دەوامی فەرمانگەكان پاسی گواستنەوە بەكار دەهێنن، خۆ ئەگەر فەرمانبەرێك بە پاس هاتوچۆ بكات بۆ دەوام پێویستە دەستێك جل لەگەڵ خۆی ببات و لە فەرمانگەكەی جلەكانی بگۆڕێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی

 



وشە - هیدایه‌ت جان