دوا زانیاری لەسەر كەیسی سووتانی ڕۆزا لە سلێمانی.. هاوسەرەكەی ئازاد كراوە

:: PM:04:44:29/07/2019 ‌
مانگی شوباتی ڕابردوو، لە شوقەكانی لبنان سیتی لە سلێمانی ژنێكی تەمەن 26 ساڵ بە ناوی "ڕۆزا عەلی" لە ڕووداوێكی گوماناوی لە ناو ماڵەكەی خۆی سووتا و بەهۆیەوە گیانی لە دەست دا. پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت، دوای گرتنی هاوسەرەكەی ئێستە ئازاد كراوە و چاوەڕێی دادگای كردنین.

ڕۆزا عەلی تەمەن 26 ساڵ، پێشتر بە گوتەی دایكی، بەردەوام كێشەی لەگەڵ هاوسەرەكەی هەبووە، پیاوەكەی دڵی زۆر لێی پیس بووە، چەندان جار كێشە و شەڕیان هەبووە تەنانەت هەندێكجار بەهۆی شەڕ و لێدانەوە ڕۆزا تووشی نەخۆشی بووە و سەرەڕای ئەوەی هەڕەشەی كوشتنیشی لێ‌ كردووە.

چەندان بەڵگە لەژێر دەستی كەسوكاری ڕۆزا هەبووە، بۆیە دوای سووتانەكەی دەستبەجێ سكاڵایان لە مێردەكەی ڕۆزا كردووە و گیراوە.

دوای تێپەڕبوونی چەندان مانگ بەسەر ڕووداوەكە، نەقیب سەركەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پێوەندییەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوای سووتانی ڕۆزا، كەسوكارەكەی سكاڵایان تۆمار كرد و دواتر لە لایەن پۆلیسەوە هاوسەری ڕۆزا گیرا و دوای لێكۆڵینەوە بە كەفالە ئازاد كرا.

نەقیبەكەی پۆلیس دەڵێت، هاوسەرەكەی ڕۆزا لە كاتی لێكۆڵینەوە باسی لەوە كردووە كە كێشە و و شەڕیان لەگەڵ ڕۆزای هەبووە، بەڵام پێداگری لەسەر ئەوە دەكرد كە ئەو دەستی لە سووتانی ڕۆزا نەبووە و ئەو كارەی نەكردووە. بەڵام ئیستە چاوەڕێی بڕیاری دادگا لەبارەی ئەو كەیسەوە دەكەین.

كەیسەكەی ڕۆزا هاوشێوەی كەیسەكەی سێوان قادر گوماناوییە، بۆیە تا بڕیاری دادگای لەسەر نەدرێ‌ ناوەڕۆكی كەیسەكان بە تەواوی ڕوون نابنەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم