دنیا به‌رواری ناوی راسته‌قینه‌ی سه‌نا هاشم سه‌عدییه و له ساڵی 2003دا هاتووه‌ته ناو دنیای هونه‌ره‌وه. له سه‌ره‌تادا به كاری نواندن ده‌ستی پێ كردووه و به هاوكاری هاوسه‌ره‌كه‌ی "عاشوور به‌رواری" كه ئه‌ویش هونه‌رمه‌ندی بواری نواندنه، په‌ره‌ی به هونه‌ره‌كه‌ی داوه. دنیا جگه له كاری ئه‌كته‌ری، ده‌نگی خۆشه و گۆرانی ده‌ڵێت، له‌م دیمانه‌یه‌ی بۆ "وشه" باسی نوێترین به‌رهه‌مه‌كانی له بواری گۆرانی و نواندن ده‌كات.
ئه‌و ده‌ڵێ "كه‌سی سه‌ره‌كی كه هاوكاری منی كردبێت به‌شداری كاری هونه‌ری بكه‌م، هاوسه‌ره‌كه‌م بووه، زۆر كه‌سی تریش پاڵپشت و هاوكارم بوون، ئه‌وه‌ی له بواری موزیك و گۆرانیدا هاوكارم بووبێت، هونه‌رمه‌ند سامی كۆچه‌ر بووه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له موزیكژه‌ن و گۆرانیبێژانی تر."
ئه‌و تا ئێسته پێنچ به‌رهه‌می كلیپی هه‌یه، ئێسته‌ش خه‌ریكی تۆماركردنی یه‌كه‌م به‌رهه‌می خۆیه‌تی كه پێك دێت له كۆمه‌ڵێك گۆرانی گه‌له‌ری و به‌منزیكانه بڵاو ده‌كرێته‌وه، هاوكات خه‌ریكی كلیپكردنی گۆرانییه‌كه به ناوی "ده‌ما چاڤێت ته دبینم".
له بواری نواندنیشدا كۆمه‌ڵێك كاری هه‌یه به‌تایبه‌ت له بواری كۆمیدیا، به‌شداریشی له چه‌ندان دراما و كورته فیلم و فیلمی درێژی سینه‌مایی كردووه، كۆتا كاریشی به‌شداریكردنی بوو له فیلمێكی هونه‌ر سه‌لیمی ده‌رهێنه‌ر.
دنیا به‌رواری به ژنانی كورد ده‌ڵێت، "ده‌بێ ئێوه بڕواتان به تواناكانی خۆتان هه‌بێت و په‌یامی خۆتان به پیرۆزی بگه‌یه‌نن، بێده‌نگ مه‌بن و تواناكانی خۆتان مه‌شارنه‌وه و پێشانی كۆمه‌ڵگه‌ی بده‌ن."
ئه‌و توانیویه‌تی سه‌رجه‌م ئه‌و كۆت و به‌ندانه بشكێنێت كه له كۆمه‌ڵگه‌ی دهۆكدا هه‌یه، چونكه به ده‌گمه‌ن كچێكی شاری دهۆك ده‌بینرێت كار له بواری نواندن و گۆرانیدا بكات و ئه‌وانه‌ی هه‌ن خه‌ڵكی پارچه‌كانی تری كوردستانن.
وشه/ دهۆك - دێژین سدقی