مەرجەكانی وەرگرتنی منداڵ لە دایەنگەكان ئاشكرا كرا

:: PM:06:22:09/08/2019 ‌
بە پێی‌ گشتاندنی ژمارە 3209 ڕۆژی چوارى ئاب، كە لە بەشی‌ دایەنگەكانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ چاودێری‌‌ و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ سلێمانی‌ دەرچووە كاتی‌ ‌ وەرگرتنی‌ منداڵ لە دایەنگە حكوومییەكان ئاشكرا كراوە.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى نۆى ئاب، بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ چاودێریی‌‌ و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ پارێزگای‌ سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، دەرگای‌ وەرگرتنی‌ منداڵ لە دایەنگە حكوومییەكان بە درێژایی‌ ساڵ لەسەر پشتە بۆ ئەو دایك و باوكانەی‌ خوازیاری‌ خزمەتگوزاری‌ دایەنگەن بۆ منداڵەكانیان، تەنها لە مانگی‌ ئابى هەر ساڵێكدا نەبێت كە وەرگرتنی‌ منداڵ تیایدا دەوەستێت بەمەبەستی‌ ڕێكخستنەوەی‌ دایەنگە، وەرگرتنی منداڵانیش بە پێی توانا مرۆیی و مادییەكانی دایەنگە دەبێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، لەسەر دایەنگەكان پێویست كراوە بەپێی‌ توانا مادی‌ و مرۆییەكانییان بە بەردەوامی‌ منداڵ وەربگرن، ئەگەر هاتوو منداڵێكش نەهێنرایەوە بۆ دەوام، ئەوە تەنها یەك مانگ مۆڵەتی‌ دەدرێتێ‌‌ و مانگی‌ دواتر شوێنەكەی‌ بە منداڵێكی‌ دیكە پڕ دەكرێتەوە، هاوكات لەسەر دایەنگەكەیش پێویستە تۆمارێكی‌ تایبەت بەو منداڵانەی‌ هەبێت كە دەیانەوێت سوودمەندبن لە دایەنگە.

ڕوونیشى كردووه‌ته‌وه‌، دایەنگە حكوومییەكان دەرگایان لەسەر پشتە بۆ ئەو منداڵانەی‌ دایكیان دەوامێكی‌ فەرمیان هەیە لە دەزگه‌كانی‌ حكوومەت یان لە كەرتی‌ تایبەت و دەرفەتی‌ چاودێری‌ منداڵەكانیان نییە بە درێژایی‌ هەفتە و ڕۆژانە شەش سەعات.


وشە - محەمەد میران

ئه‌م بابه‌ته 250 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌