سەرۆك بارزانی: دەبێت دۆخی نالەباری ناوچە سنوورییەكان چارەسەر بكرێ

:: PM:08:54:12/08/2019 ‌

لەمیانی سەردانی بۆ ناچەی باڵەكایەتی سەرۆك بارزانی رای گەیاند كە نیگەرانن لەو دۆخە نالەبارەی لەسەر سنوورەكان دروست بووە بەهۆی  تۆپباران و بۆردومانی ئێران و توركیا، بۆیە ئەگەر پاساو نەدرێت، ئەوە روونادات و دەبێت چارەسەری دۆخەكە بكرێت بە شێوەیەك ئیتر خەڵكی ئەم دەڤەرە چیتر باجی ئەو وەزعە نالەبارە نەدەن. 

سەرۆك مەسعود بارزانی، ئەمڕۆ دووشەم لە دووەم رۆژی جەژنی قوربان سەردانی ناوچەی باڵەكایەتی كرد و لەگەڵ كەسایەتی و پیاوماقوڵانی ناوچەكە كۆبووەوە و رای گەیاند، رێگە نادەین جارێكی تر خوێنی كورد بە دەستی كورد بڕژێت. دووپاتی كردەوە، پێویستە خزمەتی زیاتری ئەم ناوچەیە بكرێت، چونكە لە سەردەمی شۆڕشدا خەڵكەكەی زەحمەتییەكی زۆریان كێشاوە.

سەرۆك بارزانی ئاماژەی كرد، ئەم دەڤەرە زۆر بە بایەخە بۆ ئێمە. بارەگای سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلوول لێرە بووە. خەڵكێكی زۆر دڵسۆز و زۆر بە بیروباوەڕ پەروەردە كراوە لەم ناوچەیە و زەحمەتێكی زۆریان كێشاوە و گوشارێكی زۆری دوژمنیان لەسەر بووە. شەو و رۆژ فڕۆكە لەسەر ئەم ناوچەیە سووڕاوەتەوە و گوندەكانی بۆردومان كردووە و لە بن ئاگری تۆپخانەی دوژمن بوون. 

روونی كردەوە، خەڵك خۆڕاگر بوو. زۆر پابەند بوون بە یاساكانی شۆڕش و شۆڕشیان بە موڵكی خۆیان دەزانی. خەڵكێكی زۆر زۆر رەوشت بەرز بوون. 10 ساڵ ئێمە لێرە بووین، شوێنی كە تۆزێك كە دوكانی لێبوایە و شوێنی حەوانەوە بوو، گەڵاڵە بوو، یەك دزی لێ كرا و خەڵك خۆی نەیانهێشت ئەو كەسە لە گەڵاڵە بمێنێتەوە، دوژمن زۆر هەوڵی دا سیخوڕ دروست بكات لەم ناوچەیە، پێی نەكرا. زۆر هەوڵی دا شۆڕش لێرە تێك بدات، چونكە دەیزانی ئەگەر لێرە تێك بچێت لە شوێنەكانی تریش تێك دەچێت.

سەرۆك بارزانی ئاماژەی كرد، لە ئایندەیەكی نزیكدا دەبێت بەرنامەیەكی رێكوپێك بۆ ئەم ناوچەیە دابنرێت. حكوومەتی هەرێم خزمەتگوزاری باشتر پێشكەش بەم ناوچەیە بكات، پێمخۆشە خۆتان لەگەڵ قایمقام و ریشسپیانی ناوچەكە، ئەو خزمەتگوزارییانەی لەپێشەوەن دەستنیشانیان بكەن، بۆ ئەوەی ئیشێكی رژدیان لەسەر بكەین. دەبێت خزمەتی زۆری ئەم ناوچەیە بكرێت، پێویستە قەرەبووی زەحمەتییەكانی ئەم ناوچەیە بە خزمەتگوزاری باشتر بكرێتەوە.

سەرۆك بارزانی دووپاتی كردەوە، جارێكی تر خۆشحاڵم كە دەرفەت رەخسا بێمە خزمەت ئێوە و جەژنتان پیرۆز بێت، نیگەرانیشین لەو دۆخە نالەبارەی لەسەر سنوورەكان دروست بووە، هەندێكجار تۆپباران و بۆردومانی ئێران و توركیا، ئەگەر لێرە پاساو نەدرێت، نە تۆپباران دەكرێت و نە بۆردومان، لەبەر ئەوە دەبێت عیلاجی ئەم دۆخە بكرێت بە شێوەیەك ئیتر خەڵكی ئەم دەڤەرە چیتر باجی ئەو وەزعە نالەبارە نەدەن. ئێمە خەریكین، بە شێوەیەك كە نابێت خوێنی كورد بە دەستی كورد بڕژێت. بەڵام پێویستە رەچاوی دۆخی هەرێم بكرێت. تەنیا شوێنە كە ئومێدی خەڵكە. ئەگەر ئەم ئومێدە نەما هەموو شت تەواو دەبێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل