له ماوه‌ی رۆژانی جه‌ژنی قوربان له كوشتارگه‌ی سلێمانی ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی بۆ قوربانی سه‌ربڕدراون، ژماره‌یان زیاتر له هه‌زار ئاژه‌ڵ ده‌بن و به‌شێكی زۆریش به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه له‌ناو براوه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م (13ی ئاب) شاڵاو عارف لێپرسراوی ڤێته‌رنه‌ری له كوشتارگه‌ی نوێی سلێمانی به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی كه بۆ قوربانیكردن هاتونه‌ته ناو كوشتارگه بۆ سه‌ربڕین زیاتر له هه‌زار ئاژه‌ڵی گه‌وره‌و بچوك ده‌بن و به شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست و گونجاو سه‌ر بڕدراون و دراونه‌ته‌وه به خاوه‌نه‌كانیان.
ئه‌وه‌شی گوت، ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی كه سه‌ربڕدراون، هه‌ندێكیان نه‌خۆشییان پێوه بووه، له‌كاتی سه‌ربڕین ده‌ركه‌وتووه و توانراوه زیاتر له یه‌ك تۆن گۆشت ره‌ت بكرێته‌وه و له‌ناو ببرێت و بسووتێنرێت، چونكه گۆشته‌كه ته‌ندروست نه‌بووه و نه‌خۆشیی پێوه بووه.
لێپرسراوی ڤێته‌رنه‌ری له كوشتارگه‌ی نوێی سلێمانی ئه‌وه‌شی گوت، قوربانیكردن له كوشتارگه، هاووڵاتییان دوور ده‌گرێ له هه‌ر نه‌خۆشییه‌كی مرۆئاژه‌ڵی كه به‌هۆی ئاژه‌ڵه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ مرۆڤ و هه‌ندێكیان نه‌خۆشیی مه‌ترسیداره، بۆیه گرنگه هاووڵاتییان ئاژه‌ڵه‌كانیان له كوشتارگه سه‌رببڕن و دووربكه‌ونه‌وه له‌و گۆشته‌ی كه له ده‌ره‌وه سه‌ر ده‌بڕدرێت، له هه‌ر كاتێكدا بێت.
تا ئێسته‌یش وه‌ك نه‌ریتێكی كۆن، زۆربه‌ی ماڵه‌كان پێیان وایه ده‌بێ له حه‌وشه‌ی خۆیان ئاژه‌ڵه‌كه سه‌ببڕن، ئه‌مه‌ش وای كردووه به گشتی ژینكیه ناو شار و كۆمه‌ڵگه نیشته‌جێبووه‌كان له‌و چه‌ند ڕۆژه‌دا پیس بكات.
به‌پێی ئامارێك، له ماوه‌ی جه‌ژنی قوربانی ساڵی رابردوو كه‌متر له هه‌زار ئاژه‌ڵ له كوشتارگه سه‌ربڕدراون بۆ قوربانیكردن، هه‌روه‌ها ساڵانه كه‌متر قوربانی له كوشتارگه‌كان ده‌كرێت و هاوڵاتیان زیاتر له ماڵه‌كانی خۆیان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی