جه‌میل هه‌ورامی له‌ دژی شاناز برایم هاتە دەنگ

:: PM:06:35:15/08/2019 ‌

دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا گرژی لە نێوان کۆسرەت رەسوڵ و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەسەر نەبەستنی کۆنگرەی یەکێتی رووی دا، ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە باڵی کۆسرەت رەسوڵ پێی وایە هەندێک کەس بۆ خۆدەرخستن ئەو لێدوانانە دەدەن تا لە کۆنگرەدا دەنگی زیاتر بهێنن.

ئەمڕۆ پێنجشەم (15ی ئاب) جەمیل هەورامی ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە "وشە"ی راگەیاند:  لە مەکتەبی رێکخستن چەند کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام داوە كه‌  لەسەر دیاریکردنی وادەیەک بۆ ئەنجامدانی کۆنگرە بووه‌ و تێیدا هەموو ئەندامانی یەکێتیش لەگەڵ ئەنجامدانی کۆنگره‌دان.

لە بارەی ئەوەی شاناز برایم له‌ وتارێكدا کۆسرەت رەسووڵ جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتی بە هۆکاری دواخستنی کۆنگرە تۆمەتبار دەکات، هەورامی گوتی: بەداخەوە، هەندێک کەس بۆ خۆدەرخستن، بۆ ئەوەی لە کۆنگرەدا دەنگی زیاتر بهێنن کۆمەڵێ قسەی بێ بنەما دەکەن، لەکاتێکدا خودی کاک کۆسرەتیش لەگەڵ ئه‌وه‌یه‌ لە نزیکترین کاتدا كۆنگره‌ ببه‌سترێ.

لە ماوەی رابردوودا شاناز برایم لە نامەیەکدا داوای لە کۆسرەت رەسووڵ جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرد وادەی ئەنجامدانی کۆنگرە لە رۆژی شەهیدانی یەکێتی لە مانگی 11ی ئەمساڵ دیاری بکات و تێیدا تۆمه‌تی خستبووه‌ سه‌ری كه‌ نایه‌وێ كۆنگره‌ ئه‌نجام بدرێ

بەپێی زانیارییەکانی "وشە" کۆسرەت رەسووڵ لەو نامەیەی شاناز نیگەران بووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ گرژی کەوتووه‌ته‌ نێوانیانەوە.

به‌پێی یاسایه‌ك كه‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ری كردووه‌، هه‌ر حزبێك چوار ساڵ جارێك كۆنگره‌ نه‌به‌ستێت، ناتوانێ به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بكات، ئه‌مه‌ش بۆ یه‌كێتی بووه‌ته‌ سه‌رێشه‌ چونكه‌ بۆ ئه‌و حزبه‌ به‌ستنی كۆنگره‌ كات و ڕێخستنی زۆری ده‌وێ، به‌هۆی زۆریی ئه‌و كوتله‌ و باڵانه‌ی هه‌یه‌تی.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - كوردۆ شابان

ئه‌م بابه‌ته 1669 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌