سیاسهتمهندارێكی عێراق كه به كه‌سایه‌تییه‌كی نزیك له ئه‌مه‌ریكا ناوده‌برێ، دووپاتی كرده‌وه كه ئێران شه‌ڕی خۆی دژی ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق و به دیاریكراویش بۆ به‌غدا گواستووه‌ته‌وه، به‌وهۆیه‌وه ده‌ست به بۆردمانی كۆگاكانی چه‌كی ئێران له ناوخۆی عێراق كراوه.
ئینتیفاز قه‌نبه‌ر له لێدوانێكی بۆ پێگه‌ی "
شه‌فه‌ق نیوز" دووپاتی كرده‌وه، پێشتر هۆشداریمان دا كه عێراق ده‌بێته كۆگایه‌كی گه‌وره‌ی چه‌كی ئێرانی و بۆ كاتی پێویستی خۆیان سوودی لێ وه‌رده‌گرن، به‌ڵام دۆخه‌كه په‌راوێزخرا، بۆیه ئێسته عێراق بۆ ئێران ته‌نیا وه‌ك كۆگایه‌كی چه‌ك و جبه‌خانه و بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی هیچی تر نییه.
زیاتر گوتی، عێراق بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی هه‌بێت، خۆی كرد به دوژمنی وڵاتانی كه‌نداو و هاوپه‌یمانه‌كانیان كه بریتین له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل، كه ئه‌مه‌یش به ته‌واوی جێبه‌جێكردنی پلان و سیاسه‌تی ئێران بوو.
له به‌شێكی تری قسه‌كانی دووپاتی كرده‌وه، كه ئێران شه‌ڕی خۆی بۆ به‌غدا گواستووه‌ته‌وه، به‌هۆی لاوازی حكوومه‌ت و بێباكی سیاسییه‌كانیش عێراقی به‌و دۆخه گه‌یاند و شه‌ڕه‌كه‌یش به تایبه‌ت دوای بۆردمانی بۆڕی نه‌وتی سعوودیه له نێو خاكی عێراق ده‌ستی پێ كرد و به فه‌رمی تاران عێراقی كرده گۆڕه‌پانی جه‌نگ.
پێشتر ڕۆژنامه‌ی شه‌رق ئهوسهتیش بڵاوی كرده‌وه، كه شه‌ڕی شكاندنی ئێسكی یه‌كتر له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل له‌لایه‌كه‌وه و ئێران و میلیشیا هاوپه‌یمانه‌كانی عێراق له‌لایه‌كی تره‌وه ده‌ستی پێ كردووه و درێژه ده‌كێشێت.