دوو كۆبوونەوەی هەولێر و بەغدا بەڕێوە دەچێت

:: AM:09:46:17/08/2019 ‌
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوو كۆبوونەوەی نێوان شاندێكی هەرێمی كوردستان و عێراق لە بەغدا بەڕێوە بچێت و گفتوگۆ لەسەر كۆمەڵێك بابەت بكرێت پێوەست بە مووچە و بودجە و نەوت.

ئەمڕۆ شەموو 17ـی ئاب، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" پێش كۆتاهاتنی ئەو مانگە كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی نێوان شاندێكی هەرێمی كوردستان و شاندێكی عێراق لە بەغدا بەڕێوە دەچێت.

دانا جەزا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوو لیژنە لە نێوان بەغدا و هەولێر پێكهێنراوە یەكێكیان تایبەت بوو بە مادەی 140 و پێشمەرگە لیژنەیەكیش تایبەت بە پرسی بودجە و نەوت.

ڕوونی كردەوە، گفتوگۆ لەسەر وەردەكاری رێككەوتنەكان دەكەن و ئەگەری زۆرە بەمنزیكانە رێككەوتن لەسەر ئەو پرسانە بكرێت، چونكە هەردوو لایەنی حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان ئامادەییان نیشان داوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان.

لەبارەی ڕێككەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر ئەو پەرلەمانتارە گوتی، رێككەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر زۆر نزیكە، چونكە چەند وردەكارییەكی ماوە لەسەر میكانیزمەكان كە چۆن نەوت رادەست بكرێت و بودجەی هەرێمی كوردستان جێگیر بكرێت و دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان یەكلا بكرێتەوە.

گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ڕێی چەند لیژنەیەك بەردەوامە و بڕیارە دوای گەیشتن بە ئەنجامێك كۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵا بەڕێوە بچێت.



وشە - رامیار جەواد