لە كرماشان جەژنی "خەرمان بەرەكەت" بەڕێوە چوو

:: AM:11:26:17/08/2019 ‌

جووتیارانی ناوچەی ماهیدەشت بۆ دەربڕینی دڵخۆشی و سوپاسكردنی خواوەند بۆ ساڵێكی بەهاتی كشتوكاڵی، جەژنی "خەرمان بەرەكەت"یان بەڕێوە برد.

ئەو جەژنە لە گوندی "قەمشەی سەید یەعقووب" بەڕێوە چوو و كچان و كوڕان بە پۆشینی جلوبەرگی كوردی لە رێوڕەسمەكە ئامادە بوون و هونەرمەندانیش بە لێدانی دەهۆڵ  و زوڕنا رێوڕەسمەكەیان هێندەی تر خۆش كرد.

پێویستە بگوترێت بەرهەمی جووتیارانی ئەم ناوچەیە زیاتر گەنم، نۆك، گەنمەشامی و جۆیە و ئەمساڵیش بەهۆی ئەو بارانە زۆرەی لە رۆژهەڵاتی كوردستان باری، بەرهەمی كشتوكاڵی جووتیاران فراوان بوو.

دووەم ساڵی لەدوای یەكە ئەم گوندەی كرماشان جەژنێكی لەم شێوەیە بەڕێوە دەبات كە ریشەیەكی دێرینی فەرهەنگی و كولتووری  هەیە .

بەگوێرەی "ئیرنا"  ژنانی گوند بە دروستكردنی چێشت و خواردنی كوردەواری  پێشوازییان لە میوانان كرد. هاوكات لە رێوڕەسمەكە كۆمەڵێك چالاكی وەرزشی و هەڵپەڕكێ و نمایشی جلوبەرگی كوردی بەڕێوە چوو.

كچان لە كاتێكدا هەر كامێكیان دەسكێك گوڵەگەنمیان بەدەستەوە بوو بە دەوری شوێنی رێوڕەسمەكەدا سووڕانەوە و ساڵێكی پڕ بەرەكەت و بەهاتی كشتوكاڵییان پیرۆز كرد، هیوایان خواست ساڵانی داهاتووش خوا لە بەرەكەتی خۆی بێبەشیان نەكات.

ژمارەی دانیشتووانی ماهیدەشت 23 هەزار كەسە و كەوتووەتە رۆژئاوای پارێزگای كرماشان.



وشە - سلێمان تاشان