پۆلیس تاوانێكی گەورە لە هەولێر ئاشكرا کرد

:: AM:11:46:17/08/2019 ‌
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاشكرای دەكات، لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە دوو كەس گیراون كە تاوانبارن بە ڕفاندنی ئۆتۆمبێل.

ئەمڕۆ شەموو 17ـی ئب، عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری‌ پۆلیسی‌‌ هەولێر لە كۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، كۆتا ڕۆژی‌ جەژن چوار عەرەبی‌ گەشتیار خەڵكی‌ شاری‌ بەغدا درەنگانی شەو لە شاری‌ هەولێر لەلایەن دوو كەسەوە كە تاكسییەكیان پێ بووە ڕێگرییان لێ كراوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر گوتی، ئەو دوو كەسە خەڵكی‌ شاری‌ هەولێرن، بەناوی‌ ئەفسەر و هێزەكانی‌ ئاسایشەوە ئەو كارەیان ئەنجام داوە و چوار كەسەكەیان كردووەتە ناو تاكسییەكە و دواتریش ئۆتۆمبێلی‌ ئەو گەشتیارە عەرەبانە كە لە جۆری‌ (BMW) بووە بردوویانە، هەروەها ئەو دوو كەسەی‌ خەڵكی‌ شاری‌ هەولێر كە گەشتیارە عەرەبەكانیان ڕفاندووە، لەچەند شوێنێكی‌ جیاواز فڕێیان داون و دواتر ئۆتۆمبێلەكەشیان لە شوێنێكی‌ پارێزراو حەشار داوە.

باسی لەوەش كرد، دوای‌ ئاگەداركردنەوەی‌ پۆلیس و دەزگا تەناهییەكانی‌ هەولێر و دوای‌ لێكۆڵێنەوە، توانرا لە 24 سەعات ئەنجامدەرانی‌ ئەو تاوانە بگرن و ئەمڕۆش ئۆتۆمبێلەكە دەدەینەوە چوار گەشتیارە عەرەبەكە.




وشە - رامیار جەواد