دووپشك بە هەشت كەسییەوە دا

:: PM:12:26:17/08/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ڕواندز ئاشكرای دەكات لە ڕۆژانی جەژن لە سنووری شارۆكەی ڕواندز، لە نەخۆشخانەكان هەشت حاڵەتی پێوەدانی دووپشك بە هاووڵاتییان هەبووە.

ئەمڕۆ شەموو 17ـی ئاب، بەپێی ئەو ئامارەی "وشە" دەستی كەوتووە تێیدا هاتووە، سەردانی نۆرینگەكانی تەندروستی لە سنووری تەندروستی ڕواندز 443 بووە، بۆ بەشی فریاكەوتن 380 هاووڵاتی سەردانی هەبووە و رووداوی جۆراوجۆر 15 ڕووداو بووە لەگەڵ پێوەدانی دووپشك بە هەشت هاووڵاتی.

ڕوون كراوەتەوە، لە نەخۆشخانەكان خەوتنی بەشێوەی كاتی 94 تۆمار هەیە و لەگەڵ شەش ڕووداوی فریاكەوتن و 29 تیشك و 207 تاقیگە و یەك سووتان.

ڕووداوی پێوەدانی دووپشك لە هەرێمی كوردستان ئەمساڵ لە هەموو ساڵەكان زیاترە و تا ئێستەش هۆكارەكەی نەزانراوە، بەرپرسانی گەشتوگوزار پێش جەژن هۆشدارییان بە خاوەن شوێنە گەشتیارییەكان دابوو كە پێویستە دەرمانی دژەمار و دووپشك لە شوێنەكانیان بپرژێنن.







وشە - رامیار جەواد