پەرلەمانتارێكی پارتی: بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە دوو هێندە زیاد دەكرێ

:: PM:07:10:17/08/2019 ‌
پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زانیاری لە بارەی چوونی شاندێكی باڵای هەرێم بۆ بەغدا دەخاتەڕوو ئاشكرای دەكات كە دوای رێككەوتنی نێوان بەغداو هەرێم بەشە بودجەی هەرێم بۆ دوو هێندە زیاد دەبێت.

ئەمڕۆ شەموو 17ی ئاب، مەیادە محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بە "وشە"ی راگەیاند، لە دوو ڕۆژی داهاتوو شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆكردن لەسەر سەرجەم پرسە هەڵواسراوەكانی نێوانیان دەڕواتە بەغدا.

زیاتر گوتی، شاندەكە گفتوگۆ لەسەر مادەی 140 و كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكان و بودجە و نەوت و یاسای نەوت و غاز قسە دەكەن.

بەپێی پڕۆژە یاسای بودجەی 2019 ئەگەر حكوومەتی هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی رادەستی بەغدا بكردایە لە ماوەی ئەو ساڵەدا زیاتر لە 10 ترلیۆن دینار بودجەی بۆ دەهات، بەڵام ئێستە مانگانە 450 ملیا دیناری پێ دەگات.

مەیادە محەمەد گوتی، ئەگەر بەغدا و هەرێم رێكبكەون و هەرێم بڕی دیاریكراوی نەوت رادەستی بەغدا بكات؍ ئەوكات بەپێی یاسای بودجەی 2019 بەشە بودجەی بۆ دەنێردرێت كە دوو ئەوەندەی ئەوەی ئێستەیە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - سه‌رخێڵ هاشم

ئه‌م بابه‌ته 351 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌