ئەو نیشانە نائاساییانەی تەندروستی لەش نابێت فەرامۆش بكرێن

:: PM:09:00:17/08/2019 ‌

توێژینەوەیەك ئاماژە دەكات كە هەندێك ئاماژەی نائاسایی سەبارەت بە تەندروستی مرۆڤەوە هەن نابێت فەرامۆش بكرێت و رەنگە نیشانە بن بۆ بوونی نەخۆشی و كێشەی تەندروستی مەترسیدار وەك لە خوارەوە:

یەكەم/ ئازار لە شەویلگە، لە ژناندا رەنگە بە هاوشێوەی پیاوان لەكاتی بوونی مەترسی نۆرەی دڵ سنگیان ژان نەكات، بەڵكو شەویلگە و ملیان ژان بكات، جیا لە شەكەتی و هێڵنجهاتنەوە، بۆیە ناكرێت ئەو ئازارە فەرامۆش بكرێت.

دووەم/ خوران و ئاوسانی لێو، رەنگە وەڵامدانەوە بێت بۆ هەستیارییەكی مەترسیدار و بۆ بۆڕی هەوا بگوازرێتەوە و تەنگەنەفەسی دروست بكات.

سێیەم/ ترووسكایی كتوپڕی رووناكی لە چاو، ئەگەر ئەوەت لێ دیار كەوت بەپەلە سەردانی پزیشكی شارەزای چاو بكە، چونكە رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ كێشە بە تۆڕی چاو و لەدەستدانی توانای بینین.

چوارەم/ شێوەی نائاسایی نینۆك، نینۆكی رەنگ زەردهەڵگەڕاو پێوەستە بە كەمخوێنی یان كێشەی دڵ و نەخۆشی جگەر، نینۆكی شینهەڵگەڕاویش ئاماژەیە بۆ كەمی ئۆكسجین یان كێشەی سییەكان و دڵ.

پێنجەم/ گۆڕانی خەتی نووسین و شپڕزەبوونی كە رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ ئەلزەهایمەر و پەككەوتەیی لەرزۆكی و بوونی لوو لە مێشك.

شەشەم/ ژانەسكی درێژخایەن، رەنگە نیشانەیەك بێت بۆ بوونی هەوكردنی ریخۆڵە كوێرە یان بوونی كێشە لە میزڵدان یان تووشبوون بە برینی گەدە.

حەوتەم/ كۆكەی شەوانە، ئەگەر كێشەی رەبوو و گەڕانەوەی ترشی گەدەت نەبێت، كۆكەی شەوانە دەبێتە نیشانەیەكی زووی كێشەی دڵ و ئەوكاتە روودەدات كە شلە لە سنگ و دەوری دڵەوە كۆ دەبێتەوە بەتایبەتی كاتێك پاڵدەكەویت.

هەشتەم/ سەرئێشەی توند، رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ خوێنبەربوونی مێشك یان سەكتەی مێشكم یان هەوكردنی پەردەی مێشك.

نۆیەم/ ئارەقەكردنی زۆری شەوانە، رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ شێرپەنجەی ریخۆڵە یان لووی لیمفاوی یان شێرپەنجەی خوێن.

دەیەم/ زوو هەستكردن بە تێربوون، رەنگە نیشانەیەكی تووشبوون بێت بە شێرپەنجەی هێلكەدان، بەتایبەتی ئەگەر ئاوسان و باكردنی سك و ئازاری حەوز و كێشەی میزڵدانی لەگەڵ بێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل