وەزیری پەروەردە هەشت بڕیاری لەبارەی مامۆستایان دەركرد

:: PM:05:05:18/08/2019 ‌
وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك بڕیاری دەركرد كە تایبەتن بەو مامۆستایانەی لە باخچەكانی ساوایان و قوتابخانە و پەیمانگە ناحكوومییەكان كار دەكەن.

دەقی بڕیارەكان كە لەلایەن ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەوە دەركراون.

پاڵپشت بە یاسای (ڕاژەی شارستانی عێراقی) ژمارە (24)ی ساڵی (1960)، مادەی (38) و یاسای (ڕێككاری فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتی ژمارە (14)ی ساڵی (1991)ی هەمواركراو  ماددەكانی (5،6) و ڕێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی (2016) تایبەت بە قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومیەكان، بەشی پێنجەم/ مادەی بیست و هەشتەم/ بڕگەی چوارەم، مادەی بیست و نۆیەم/ مادەی سییەم/ بڕگەكانی یەكەم و دووەم و سێیەم و چوارەم و شەشەم.

لەبەر بەرژەوەندی گشتی و بەدیهاتنی دادپەروەری لە ئەرك و ماف، هەروەها بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی كاری زیاتر بۆ دەرچووە دانەمەزراوەكانی زانكۆ و پەیمانگەكان، بڕیارماندا بە:

یەكەم- مامۆستای كەرتی گشتی (حكومی) كە میلاكی وەزارەتی پەروەردەیە، تەنها بە دوو شێواز دەتوانێت لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومیەكان وەك بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەر یان مامۆستا كار بكات:

1- دەكرێت بەشێوازی خواستن (اعارە) بگوازرێتەوە بۆ (باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومیەكان)، ماوەكەیشی نابێت لە (5) ساڵ زیاتر بێت، تەنها ڕاژەكەی بۆ هەژمار دەكرێت و موچەی لەلایەن ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحكومیەوە بۆ خەرج دەكرێت كە كاری تێدا دەكات، پێویستە ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحكومییە بەنوسراوی فەرمی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاوە داوای ڕاژەی ئەو مامۆستایە بكات و لاری نەبوون وەربگرێت، بەمەرجێك ڕێژەی مامۆستایانی میلاكی وەزارەتی پەروەردە (20٪)ی میلاكی هەر باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەیەكی ناحكومی زیاتر نەبێت.

2- ڕێگە بە مامۆستای میلاكی وەزارەتی پەروەردە دەدرێت وانە لە قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومیەكاندا بڵێتەوە، بەمەرجێك تەواوی بەشە وانەكانی خۆی لە قوتابخانە یان پەیمانگەكەیدا بڵێتەوە، (بەگوێرەی ڕێنماییەكان و كاریگەری لەسەر ئاست و توانای نەكات، ئەمەش دەبێت بەڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزا بێت، پاش خستنەڕووی دۆكیۆمێنتەكان كە بەشە وانەكانی بەگوێرەی ڕێنماییە بەركارەكان لە قوتابخانەكەی خۆی بڵێتەوە دەبێت خشتەكانیش هاوپێچ بن كە (24) بەشە وانە بۆ مامۆستایانی بنەڕەتی و (22) بەشە وانە  بۆ مامۆستایانی ئامادەییە)، بەهەمان شێوە نابێت ڕێژەی مامۆستایانی میلاكی وەزارەتی پەروەردە لە هەر باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەیەكی ناحكومیی لە (20٪) زیاتر بێت.

ئەركی جێبەجێكردنی (خاڵی یەكەم)ی ئەم فەرمانە ڕاستەوخۆ دەكەوێتە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزا و بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە، پێویستە وێنەیەك بە نووسراوی لاری نەبوون یان ڕێگەپێدانی مامۆستایان بۆ ئەم مەبەستە ئاڕاستەی وەزارەت بكرێت، بەمەبەستی تۆماركردن و بەدواداچوون.

دووەم- فەرمانبەرانی میلاكی وەزارەتی پەروەردە دەتوانن لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومیەكاندا كار بكەن، بەمەرجێك پاش دەوامی فەرمی وەزارەتی پەروەردە بێت، بە هیچ جۆرێك ڕێگە نادرێت لەكاتی دەوامی ئاساییاندا لە كاتژمێر (8) هەتا (3) كار لەو دامەزراوە ناحكومیانەدا بكەن، یان دەتوانن بەشێوازی خواستن (اعارە) بگوازرێنەوە بۆ باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومییەكان، و ڕاژەكەیان بۆ هەژمار دەكرێت، مووچەكەیان لەلایەن ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحكومییە خەرج دەكرێت، یان دەتوانن مۆڵەتی بێ مووچە وەربگرن بۆ ئەو مەبەستە.

سێیەم- فەرمانبەرانی میلاكی وەزارەتی پەروەردە كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی و هۆبەكانی قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومیەكانن، بۆیان نیە وەك بەڕێوەبەر و یاریدەدەر یان فەرمانبەر یان هەر سیفەتێكی دیكە، لە قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومیەكاندا دەوام بكەن، تەنانەت ئەگەر پاش دەوامی ئاسایی خۆیشیان بێت لە فەرمانگەكانیاندا.

چوارەم- نابێت بەڕێوەبەری باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەی (حكومی) وەك بەڕێوەبەر یان یاریدەدەر لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەی (ناحكومی) كار بكەن.

پێنجەم- سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی بۆیان نییە وەك دەستەی كارگێڕی یان فەرمانبەر یان مامۆستا یان هەر سیفەتێكی دیكە لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومیەكاندا كار بكەن.

شەشەم- دەبێت باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومیەكان بەگرنگییەوە بڕواننە ڕەخساندنی دەرفەتی كار بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان كە هەتا ئێستا وەك مامۆستا و فەرمانبەر دانەمەزراون، بەمەرجێك خولی شیاندن بۆ مامۆستایان بكەنەوە، جگە لە دەرچووانی كۆلیژەكانی پەروەردە و بنیات و پەیمانگەكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە كە خولی شیاندنیان پێویست نییە، ئەركی كردنەوەی خولەكانی شیاندن دەكەوێتە ئەستۆی باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومیەكان، بەهەمان شێوەی ڕێنماییەكانی وەزارەتی پەروەردە بێت.

حەوتەم- بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومیەكان و لیژنەی باڵای وەزارەت، چاودێری و بەدواداچوونی وردی جێبەجێكردنی ئەم فەرمانە دەكەن، لەبەرئەوە هەر سەرپێچییەك لەجێبەجێكردنی

ئەم فەرمانە ڕووبدات (بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا و پەروەردەی قەزا و سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە) لەگەڵ باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومیەكان بەرپرسیار دەبن.

هەشتەم- ئەم فەرمانە لەڕێكەوتی دەرچوونییەوە جێبەجێدەكرێت.

ئالان حمەسعید 
وەزیری پەروەردە



وشە - سه‌رخێڵ هاشم

ئه‌م بابه‌ته 7015 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌