حكوومەت و پەرلەمانی عێراق یاسای سەربازیكردنی بەزۆر كارا دەكەنەوە

:: PM:06:49:18/08/2019 ‌

ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رێنوێنی داوەتە نووسینگەی سەربازی خۆی بۆ تاوتوێكردن و ئامادەكردنی یاسای سەربازیكردنی بەزۆر بەمەبەستی دەركردنی لەپەرلەمانەوە و دووپاتیشی كردەوە كە ئەو سوورە لەو بارەوە. 

عەباس سرووت ئەمڕۆ یەكشەم ئاماژەی كرد، پێش ماوەیەك لیژنەكەیان چاوی بە عەبدولمەهدی كەوتووە و و داوایان لێی كردووە بۆ گەڕاندنەوەی سەربازیكردنی بەزۆر و پاساوی ئەو هەنگاوەشیان بۆی هێناوەتەوە گرنگترینیان دوای 10 ساڵی تر تەمەنی سەرباز و هێزە تەناهییەكانی ئێستە دەبێتە 45 ساڵ و سووپا بەتاڵ دەبێت لە گەنجان، جیا لەوەی گەنجان بێكارن و تووشی چەندان كێشە بوونەتەوە بەو هۆیەوە و ئەوەش كاریگەری مەترسیداری بۆ سەر گەلی عێراق هەیە.

زیاتر گوتی، بۆیە سەرۆك وەزیران فەریق رووكن محەمەد بەیاتی سكرتێری سەربازی خۆی بۆ ئامادەكردنی پڕۆژە یاسایەك بۆ ئەو مەبەستە راسپاردووە، بەڵام تا ئێستە هیچ رەشنووسێكی نەگەیشتووەتە پەرلەمان، بەڵام حكوومەت و پەرلەمان نیازی رژدیان بۆ دەركردنی یاساكە هەیە.

لای خۆیەوە كەریم علێوی ئەندامێكی لیژنەكە رای گەیاند كە كاراكردنی یاسای سەربازیكردنی بەزۆر دەبێتە نەهامەتی بۆ ئەو حكوومەتەی ئێستە و بەدووری زانی حكوومەت ئەو كارە بكات كە پێویستی بە پارەیەكی زۆر و سەربازگەی مەشقی زۆر هەیە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل