لەناو یەكێتی شەڕ بۆ كۆنگرە گەرمە

:: PM:08:36:18/08/2019 ‌
هەرچەندە تا ئێستە وادەی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە تەواوی یەكلا نەبووەتەوە، بەڵام لە ئێستەوە ململانێی و كێشەكانی ناو ئەو حزبە بۆ ناو كۆنگرە دەستی پێ كردووە ئەوەیش دوای ئەوەی بە ئاشكرا كۆسرەت رەسووڵ جێگری سكرتێری یەكێتی و شاناز ئیبراهیم كەوتنە شەڕی میدیایی.

كادرانی یەكێتی سەر بە باڵی دەستڕۆیشتوو كەوتوونەتە رەخنە گرتن لە كۆسرەت رەسووڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی حزبەكەیان و بە نادادپەروەر و پێدانی پلەی حزبی بە كەسانی بەردەر لەیەكێتی تۆمەتباری دەكەن. 

جەمیل هەورامی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لەسەر باڵی كۆسرەت رەسووڵ حیساب دەكرێ‌ بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوانەی زۆر رەخنە دەگرن و ئەنجامی شكست و دواكەوتنی كۆنگرە دەدەنە پاڵ جێگری سكرتێری گشتی حزب، بۆ ئەوە وا دەكەن لە كۆنگرەدا دەنگی كادران بەلای خۆیاندا رابكێشن.

لای خۆیەوە محەمەد وەتمان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هیچ كێشەیەكی گەورە لە نێوان كۆسرەت رەسووڵ و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دا نییە. 

لە بارەی ئەو رەخنانەی لە ئێستەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە كۆسرەت رەسووڵ دەگیرێن وەتمان گوتی، ئەو حاڵەتە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان حزبێكی سۆسیال دیموكراتە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - سه‌رخێڵ هاشم