هونەرمەندێك لە پەڕی باڵندە پەیكەر دروست دەكات

:: PM:11:00:18/08/2019 ‌

هونەرمەندێكی پەیكەرسازی شاری سلێمانی لە دروستكردنی بەرهەمەكانی ماتریاڵە جیاوازەكان بەكار دێنێت و رۆح بەبەر بەرد و پووش و پەڵاش و پەڕی باڵندە و چیلكەی دار و چەندین ماتریاڵی تردا دێنێتەوە و پەیكەرە جیاوازەكانیان لێ دەنەخشێنێت.

هونەرمەند ئارام حەسەن یەكەم پێشانگەی پەیكەرسازی خۆی لە شاری سلێمانی كردەوە كە جیاوازترین ماتریالی وەك پووش و كا و وردە گەڵا و توێكڵی دار و ڕەگی ڕووەك و ئاوی شاتوو و زەل و چیلكە و پەلوپۆی شنگ و مێژوەرد و ڕیشاڵی دار و وردە بەرد و گڵ و كەتیرەی درەخت و چیلكە و چەوێڵ و دڕك و گوڵ و كۆتەرەداری بەكار هێنا، بەوەش ویستوویەتی پەیامی ئاشتبوونەوەی مرۆڤ بە سروشت بگەیەنێت و بۆ ئەوەی بیخاتە ڕوو كە چڵەپووشێك لەم سروشتەدا بەها و گرنگی خۆی هەیە با بەڕێزەوە لێی بڕوانین.

ئەو هونەرمەندە لەمساڵدا پێشانگایەكی جیاواز دەكاتەوە و بە 22 كاری پەیكەرسازی، نووسینەوەی چیڕۆكێك بە پەڕی كۆتر دادەڕێژێت و پەیكەرە جیاوازەكانی لێ دەنەخشێنێت. لە بیرۆكەی ئەمجارەیدا ماتریاڵی جیاواز بەكاردێنێت، سەبارەت بە بیرۆكەكان بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، تەنیا دەمەوێت ئەوەی دەیكەم جیاواز بێت و بە ماتریالێك كار بكەم كە پێشتر بەكار نەهێنرابێت.

كارەكانی ئەم جارەی ئارام دەربارەی ژن و پیاو یان دوو ئاشقە، سەرەتا بە چاوەڕوانی ژنەكە دەست پێ دەكات لە چاوەڕوانی مەعشوقەكەیدا، دواتر پیاوەكە دەردەكەوێت و بۆ پیاوەكە پەڕی مراوی بەكارهێناوە كە كاری ئەمجارەی پێی دەگوترێت "چیڕۆكێك بە پەڕی كۆتر".

هونەرمەند چەندین كولانە كۆتر و مراوی گەڕاوە بۆ پەیداكردنی پەڕ تاوەكو كارەكانی پێ دروست بكات، دوای دەستكەوتنی پەڕەكان دەشواتەوە و هەڵیدەخات لەبەر هەتاو بۆئەوەی بۆنی ناخۆشی لێ نەیەت، پاشان ئەو بیرۆكەیەی كە هەیەتی دروستی دەكات.

ئارام كاركردنی بەو مادانە پێخۆشە، لەبەرئەوەی كاركردن بەو مادانە زۆر هەستیارە و ناسكن، بەڵام لە هەمان كاتدا چێژێكی زۆر تایبەتی هەیە، چونكە بۆنیان خۆشە و شتگەلێكن كە هەمووان رۆژانە دەیانبینین و گرنگییان پێ نادەین، تەنانەت پێشیان پێدا دەنێین، بەڵام ئەم هونەرمەندە ڕۆحیان بەبەر دێنێتەوە.

ئارام حەسەن، لە ساڵی 1972 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە، هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە ئارەزووی بۆ هونەر هەبووە، بۆیە بەبێ خوێندن لە هیچ بوارێكی هونەریدا، فێری وێنەكێشان و جواننووسی و شێوەكاریی پەیكەرسازیی بووە، جگە لەوانەش لەبواری نواندن و نووسینی سیناریۆ و كاری دەرهێنان و ژەنینی ئامێری ساز و ئاوازدانان شارەزایی هەیە.

ئارام جگە لەوەی لە پەیكەرسازیدا سەركەوتوو بووە، چەندین كتێب لە شیعر و ڕۆمان بە ناوەكانی (سێبەری سپی) و (پرسیارەكانی ڕەشەبا) و (چل هەناسەی شكاو)، بەچاپ دەگەیەنێت، هەروەها ڕۆمانەكانی (ژینبا) و (ڕیشی حەیدەر)ی بڵاو كردووەتەوە و شیعرەكانی یەكێك لە شاعیرە میلییەكانی كۆ كردووەتەوە و بەچاپی گەیاندووە بە ناوی (دیوانی مەلا حسەینی ڕەنگینە).

سلێمانی/ ئاریان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل