وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕیارێكی نوێی دەركرد

:: AM:08:59:19/08/2019 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕێی چوونە دەرەوە لە گەورە باجدەرەكان دەگرێت و چوونە دەرەوەیان لێ‌ قەدەغە دەكات.

ئەمڕۆ دووشەم 19ـی ئاب، بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەكان و خانووبەرەی میری و بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی موڵكایەتی هاتووە، بەپێی نووسراوی وەزارەتی ناوەخۆ و بەڕێوەبەرایەتی باجەكان، گەشتكردنی باجدەری قەرزار قەدەغە دەكرێت بۆ دەرەوە.

لە بڕیارەكە ڕوون كراوەتەوە، ئەو بڕیارە بە پشتبەستن بەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بە ژمارە 9751 تایبەت بە قەدەغەكردنی گەشت لە باجدەری قەرزار بەمەبەستی ڕێكاری یاسایی بۆ ئەو كەسانەی قەرزاری باجن.

ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدایە بەشێك لە خاوەن كۆمپانیا گەورەكان ساڵانە لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەمەبەستی خۆدزینەوە لە باج گەشتی دەرەوە دەكەن و هەندێك جار ناوی كۆمپانیاكەش دەگۆڕن.






وشە - رامیار جەواد