لیستی مووچەی سبەی بڵاو كرایەوە

:: AM:11:55:19/08/2019 ‌
بڕیارە سبەی مووچەی وەزارەتێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت و لە ئەگەری گەیشتنی پارەكەی بەغداش مووچەی كۆمەڵێك وەزارەت بەیەكەوە دابەش دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 19ـی ئاب، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" دراوە، بڕیارە سبەی سێشەم مووچەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت.

لە زانیارییەكان ڕوون كراوەتەوە، بڕیارە پارەكەی بەغدا ئەمڕۆ بنێردێت بۆیە ئەگەر ئەمڕۆ پارەكە بگات بەیانی مووچەی شەش وەزارەت و شەش دامەزراوەی تەناهی دابەش دەكرێت و گۆڕانکاری لە خشتەی مووچە دەكرێت.

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لە ناوەڕاستی هەر مانگێك عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بە داهاتی ناوخۆیی و پارەی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و فرۆشتنی نەوت مووچەی فەرمانبەران دەدرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵ پاشەكەوتی مووچە لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەڵگیراوە و پێدانی مووچە ئاسایی بووەتەوە. لە پێنجی سەرەتای هەر مانگێك لە هەرێمی كوردستان مووچە دابەش دەكرێت.






وشە - رامیار جەواد