"لەناو حزبی دێموکراتدا چاوم بە دنیا هەڵێنا و ئامانجم ئازادییه‌"

:: PM:05:21:19/08/2019 ‌

خانمە ڕاگەیاندکار گەڵا جاف ناوی تەواوی شەیدا عەبدوڵایە و لە ساڵی 1985 لە هەڵەبجەی شەهید لەدایک بووە و لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری جوانڕۆیە، لەو چاوپێکەوتنەدا بۆ "وشە" دەڵێ، بەهۆی سەرهەڵدانی شۆڕش لە ئێران باوکم پێوەندی بە ڕێکخستنەکانی حزبی دیموکراتەوە هەبوو و لەگەڵ فەرمانی جیهادی رێبەری کۆماری ئیسلامی دژی کورد لە رۆژهەڵات، ئاوارەی شاخ و باشووری کوردستان بووین.

* لە کەیەوە دەستت کردووە بە کاری میدیایی کردووە؟

نزیکەی ١٠ ساڵ لەبواری ڕاگەیاندندا لە بینراو و بیستراو کارم کردووە و لە درێژەی ئەم ماوەیەدا چەندین کار و پڕۆژە و پڕۆگرامم پێشکەش کردووە لە هەردوو بواری تیڤی و ڕادیۆ.

*ماوەیەکە دووری لە ڕاگەیاندن هۆکارەکەی چییە؟

بەڵێ ڕاستە نزیکەی چوارساڵ دەبێت لە ڕاگەیاندن دوور کەوتوومەتەوە ئەویش بە حەز و ئارەزووی خۆم نەبووە، هوکاری زۆر هەبووە بۆ ئەم مەبەستە، وەکو ئەو بارودۆخەی بەسەر کوردستانی باشووردا هات بەتایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە کە کۆمەڵێک دەزگای ڕاگەیاندن ڕاگیران بەهۆکاری ئابووری، منیش لە یەکێک لەو دەزگایانە کارم دەکرد، پاشان هەندێک ئاڵوگۆڕ کە تایبەت بە ژیانی کەسی خۆمەوەن هاتە پێشەوە و ئەوانە هۆکاری سەرەکی دوورکەوتنەوەی من بوون لە ڕاگەیاندن.

*جگە لە ڕاگەیاندن لە هیچ بوارێکی تردا چالاکیت کردووە؟

جگە لە ڕاگەیاندن لە بواری هونەری کارم کردووە وەکو نواندن و فیلمی درێژ و کورتە فیلم و دراما، کە چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتییان بەدەست هێناوە، بەم بەرهەمە هونەرییانە و چەند جارێکیش پێشنیازی بەشدارببونی شانۆم پێدراوە، بەڵام قبوڵم نەکردووە.

*لە بواری ڕاگەیاندن و سینەما کارت کردووە، کامیان زیاتر خۆشەویستییان بەتۆ بەخشی؟

من هەڵبژاردن ناکەم لە نێوانیاندا چونکە هەردوو بوارەکە زۆر گرنگ و پێویست و زەروورن بۆ ژیان و منیش لەهەردوو بوارەکەدا کارم کردووە و هەردووکیان گرنگ و خۆشەویستن بۆمن، هەر یەکەیان جێگە و پێگەی خۆی هەیە، بۆیە من ناتوانم لەنێوانیاندا یەکێکیان هەڵبژێرم.

*بڕیارت نەداوە دووبارە دەست بە کاری ڕاگەیاندن بکەیتەوە؟

لەماوەی ئەم چەند ساڵەی کە دوورکەوتوومەتەوە بە حەز و ئارەزووی خۆم دوور نەکەوتوومەتەوە و لە ئێستاشدا ئەگەر دەرفەتێکی باش و گونجاوم بۆ بێتە پێش دەگەڕێمەوە بواری ڕاگەیاندن، چونکە ڕاگەیاندن لە خوێنمدایە.

*هاوسەرەکەت تا چی ڕادەیەک پشتگیریت دەکات؟

بەهۆی ئەوەی هاوسەرەکەم خۆی لە ڕاگەیاندنی حزبدا کاردەکات و پاڵپشتمە و بەردەوام دەڵێت بگەڕێوە نێوکاری ڕاگەیاندن و بەردەوامبە لەکارەکەت، زۆر پشتگیری من دەکات و سوپاسی دەکەم.

*ماوەیەکە پەیوەندیت کردووە بە حزبی دیموکرات، چی وای لە تۆ کرد بچیتە ناو ئەم حزبە؟

بەهۆی سەرهەڵدانی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێران، باوکم پێوەندی بە ڕێکخستنی حزبی دێموکراتی کوردستانەوە هەبووە و دواتر بە هۆکاری سیاسی ئاوارەی شاخ و دواتر باشووری کوردستان بووین، بۆیە من لەناو حزبی دێموکراتدا چاوم بە دنیا هەڵێنا و پێوەندی من و حزبی دێموکرات شتێکی تازە نییە، ڕنگە بۆ هەمووکەس ئەوە ڕوون نەبێت و تەنیا منیان وەکو کەسێکی ڕاگەیاندکار بینیبێت و هیچ زانیارییەکی ئەوتۆیان نەبووبێت لەبارەی ژیانی تایبەتی من.

*ئامانجی تۆ لەناو حزبی دێموکرات چییە؟

درووستبوونی هەر حزبێک ئامرازێکە بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵێک هیوا و ئامانج و دەسکەوت، حزبەکەی منیش هەمان ئامانجی هەیە، کەوابوو ئامانجی منیش لەڕێگەی حزبەکەمەوە بەدەستهێنانی ئازادی و ماف و خۆشگوزەرانی بۆ نەتەوەکەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

هەولێر/ گەرمیان گلی 











وشە - هیدایه‌ت جان