گۆڕان بە فەرمی ناوی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند

:: PM:06:03:19/08/2019 ‌
جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە پشكی بزووتنەوەی گۆڕانە ئەمڕۆ كاندیدی ئەو پۆستە بە فەرمی یەكلا كرایەوە و ناوی كاندیدەكەیش ڕاگەیەنرا.

ئەمڕۆ دووشەم 19ی ئاب، بەپێی هەواڵی میدیاكانی گۆڕان، بزووتنەوەكە ناوی مستەفا سەید قادر وەك كاندید بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی هەرێم كردووە.

لە چوارچێوەی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بەپێی رێككەوتنی سیاسی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو پۆستانەی كە ماون وەك بەركەوتەی بزووتنەوەی گۆڕان، ناوی كاندیدەكانی ئاڕاستەی سەرۆكایەتیەكان دەكات بۆ دانان و دەستبەكاربوونیان.

وەك بڵاو كراوەتەوە، رۆژی یەكشەمی ڕابردوو بزووتنەوەی گۆڕان بە نووسراوێك كە واژووی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانی لەسەربووە، ناوی مستەفا سەید قادر وەك جێگری سەرۆكی هەرێم ئاڕاستەی سەرۆكایەتی هەرێم كراوە .

لە هەفتەی داهاتوودا مەرسوومی سەرۆكایەتی بۆ هەردوو جێگرانی سەرۆكی هەرێم دەردەكرێن و تا كۆتایی ئەم مانگە دەستبەكاربن .

پرۆفایلی مستەفا سەید قادر

* مستەفا قادر مستەفا عەزیز 
* ساڵی (1958) لە قەڵادزێ لەدایكبووە.
* پەیمانگەی كشتوكاڵی هونەریی ئەبوغرێبی لە بەغدا تەواو كردووە.
* ساڵی (1980) بووەتە پێشمەرگە.
* لە ساڵی (1990 - 1991) زیندانی سیاسی بووە.
* ئەندامی سەركردایەتی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بووە
* جێگری فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە بووە. 
* وەزیری ناوخۆی ئیدارەی سلێمانی بووە.
* یەكێك لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕانە. 
* رێكخەری ژوری كارگێڕی و دارایی بزووتنەوەی گۆڕان بووە.
* لەكابینەی هەشتی حكوومەتی هەرێمدا وەزیری پێشمەرگە بووە.
* كاندیدی گۆڕانە بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم