لە رێگەی منداڵانەوە دایکان هۆشیار دەکرێنەوە

:: PM:03:59:20/08/2019 ‌

نەخۆشخانەی گشتی خانەقین بۆهاندنی دایكان بەوەی شیری خۆیان بە منداڵەکانیان بدەن، هەڵمەتێكی دابەشكردنی نامیلكەیان دەست پێ كردووە کە بە چیرۆکی باس لە گرنگییەکانی شیری دایک بۆ منداڵ دەکات.

ئەمڕۆ سێشەم 20ی ئاب، خالید جەبەل بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتی خانەقین بە "وشە"ی راگەیاند، لە هەنگاوێكی جیاوزدا بۆ هاندانی دایكان بۆ ئەوەی شیری خۆیان بە كۆرپەكانیان بدەین، لەنێو نەخۆشخانەی گشتی خانەقین هەڵمەتێكی هوشیاریمان لەرێگەی دابەشكردنی نامیلكەیەكەوە دەست پێ كردوە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، نامیلكەكە بەگێڕانەوەی چیرۆكی منداڵ كە هاوكات باس لە سوودەکانی شیری دایک دەکات، دەدرێتە ئەو منداڵانەی دێنە نەخۆشخانەكە بۆ ئەوەی نامیلكەكان ببەنەوە بۆماڵ و بۆ دایكیان بخوێننەوە، یاخود ئەگەر منداڵەكە تەمەنی ئەوەندە نەبوو بخوێنێتەوە، دایكەكە خۆی بیخوینێتەوە یاخود كەسێكی تری خێزان بیخوێنێتەوە.

بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی خانەقین ئەوەشی خستەروو، هەڵمەتەكە بەردەوامی هەیە و پلانی تری هۆشیارییان بەدەستەوەیە بۆ وشیار کردنەوەی هاوڵاتیانی شارەكە.

بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتی خانەقین دووپاتی دەکاتەوە، نامیلكەكان بە زمانەكانی كوردی وعەرەبی نووسراون و زیاتر وێنەیین بۆ تێگەیشتنی منداڵان.

سامان حەمید وەك پزیشك و شارەزای بواری خۆراك بۆ "وشە" ئاشکرای دەکات، سەرباری بەستنەوەی سۆز لە نێوان كۆرپەلە و دایك بەهۆی پێدانی شیر بە منداڵ، شیری دایك لەڕووی تەندروستییەوە زۆر لە شیری وشک باشترە بۆ منداڵان، چونكە دایك زیاتر لێی دڵنیایە.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی







وشە - هیدایه‌ت جان

ئه‌م بابه‌ته 99 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌