كردنەوەی دەوامی زانكۆ پێش خرا

:: PM:06:43:20/08/2019 ‌
سەرۆكایەتی زانكۆی سۆران كاتی دەوامی زانكۆكەی دیاری كرد ڕۆژی یەكی ئەیلوول دەست بە دەوام دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 20ی ئاب، هەژار رەحیمی بەڕێوەبەری راگەیاندن لە زانكۆی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، ئاگاداری هەموو مامۆستایان و قوتابیانی زانكۆكەمان دەكەینەوە كە خوێندنی ساڵی نوێی 2019-2020، رۆژی یەكشەم لە یەكی ئەیلوولی 2019 دەست پێ دەكات.

زیاتر گوتی، دواكەوتن یا نەهاتنی هەر قوتابیەك لە وادەی دیاری كراو بە نەهاتوو ئەژمار دەكرێت و پێویستە مامۆستایان و قوتابیان پابەندی رێنوێنی و بڕیاری زانكۆ بن .

دەست پێ كردنەوەی خوێندن لە زانكۆی سۆران لە كاتێكدایە سەرۆكایەتی زانكۆیە بە هاوئاهەنگی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە نیازن سیستەمێكی نوێی خوێندن بە سوود وەرگرتن لە زانكۆیەكانی دەرەوە دابنێن، بۆیە ئەمساڵ زووتر دەست بەدەوامی زانكۆ دەكرێ‌.

زانكۆی سۆران لە كۆتایی ساڵی 2009 بە فەرمانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دامەزراوە و ساڵی رابردووش لە رێزبەندی زانكۆكانی كوردستان پلەی یەكەمی بەدەست هێنا، ئەو زانكۆیە خاوەنی پێنج فاكەڵتی و زیاتر لە سێ هەزار و 300 مامۆستا و قوتابییە.

سۆران/ مورشید برادۆستی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم