مەسروور بارزانی دووپات لەسەر ئاشكراكردنی سەروەت و سامانی بەرپرسان دەكاتەوە

:: PM:08:48:20/08/2019 ‌
بڕیارێكی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بڵاو دەكرێتەوە كە تیایدا دووپات لەسەر ئاشكراكردنی سەركەوت و سامانی پلە باڵاكان دەكاتەوە.

بەگوێرەی نووسراوێك كە واژووی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەسەرە و بە ژمارە شەش لە 22ی تەمووز دەرچووە ئاماژە بەوە كراوە كە دەبێت بەرپرسانی پلە باڵا فۆڕمی ئاشكراكردنی سەروەت و سامان لە دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان پڕ بكەنەوە.

لە بڕیارەكەدا نووسراوە، پشتبەستن بە ئەحكامی مادەی هەشتەم لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ژمارە سێی ساڵی 1992 هەموار كراو و لە بەر ڕۆشنایی نووسراوی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان و كۆنووسی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دوو بڕیار درا.

بڕیارەكە دوو خاڵە و بەمشێوەیە:
1- پێویستە هەموو وەزیرەكان و خاوەن وەزیفە باڵاكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبەر رۆشنایی یاسای دەسپاكی هەرێمی كوردستان فۆرمی ئاشكراكردنی بەرژەوەندی دارایی پڕبكەنەوە.

2- وەزارەت و لایەنە پێوەندیدارەكان ئەم بڕیارە جێبەجێ‌ دەكەن. 





وشە - سه‌رخێڵ هاشم

ئه‌م بابه‌ته 1506 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌