چەند ڕۆژێكی تر كاری تاكسی لەسەر ئەم توێژە قەدەغە دەكرێت

:: AM:10:34:21/08/2019 ‌
بڕیارە لە 10 ڕۆژی تر كاری تاكسی لە هێزە تەناهییەكان و فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان قەدەغە بكرێت و بەڕێوەبەرێكی هاتوچۆش ئاشكرای دەكات، هیچ بڕیارێك نییە بۆ درێژكردنەوەی ئەو وادەیە.

ئەمڕۆ چوارشەم 21ـی ئاب، زاهیر محەمەد بەڕێوەبەری هاتوچۆی كۆیە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ بڕیار و ڕاسپاردەیەكی نوێ‌ نییە بۆ درێژكردنەوەی وادەی كاری تاكسی بۆ فەرمانبەران.

ڕوونی كردەوە، ئەو وادەیەی دیاری كراوە و دەچێتە بواری جێبەجێكردن یەكی ئەیلوولە كە پێویستە هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس و فەرمانبەران ئۆتۆمبێلەكانیان لە جۆری تاكسی بگۆڕن بۆ تایبەتی و كاری تاكسی چیتر ناتوانن بكەن.

بەڕێوەبەری هاتوچۆی كۆیە ئاشكرای كرد، دواین بڕیاری و ڕاسپاردەی وەزارەتی ناوخۆ جێبەجێ‌ دەكرێت بۆ قەدەغەكردنی كاری تاكسی لە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و هیچ بڕیارێك نەهاتووە بۆ درێژكردنەوەی ئەو وادەیە.

پێشتر وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دابوو كاری تاكسی بۆ شوفێران لە یەكی حوزیرەان بۆ یەكی ئەیلوول درێژ بكاتەوە تا ئۆتۆمبێلەكانیان دەفرۆشن.



وشە - رامیار جەواد