پەرلەمانتارێكی عێراق: پارەكەی بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەران دەنێردرێ‌

:: PM:09:22:21/08/2019 ‌
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد، مووچەكەی بەغدا بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگات و هیچ هۆكارێكیش بۆ نەناردنی نییە.

ئەمڕۆ چوارشەم 21ی ئاب، جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، پێشتر لەگەڵ د.فوئاد حوسێن وەزیری دارایی عێراق لە بارەی دواكەوتنی مووچەوە قسەی كردووە، پێی راگەیاندووە كە دواكەوتنی مووچە ئاساییە و لە 17 بۆ 25 مانگ مووچە دەنێردرێن بۆ هەرێم و پارێزگا و فەرمانگەكان و ئەوانیش لە دوای ئەو وادەیە دابەشی سەر فەرمانبەرانی دەكەن.

ڕوونیشی كردەوە كە ئێستە رەوانەكردنی مووچەی فەرمانبەران چەند رۆژێكی ماوە و ئەگەر كەوتە دوای 25ی مانگ هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی بپرسێت بۆ مووچەی فەرمانبەران نەهاتووە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە ماوەی یەك دوو رۆژی داهاتوودا بەغدا بەشە بودجەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات كە بڕەكەی 454 ملیار دینارە.

بەهۆی نەگەیشتنی پارەكەی بەغدا بۆ هەرێمی كوردستان دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بەسستی دابەش دەكرێ‌، ئەوەیش دڵەڕاوكێی لای فەرمانبەران دروست كردووە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا




وشە - سه‌رخێڵ هاشم