لە ئێران رێژەی هەڵاوسان گەیشتە 42%

:: AM:11:56:24/08/2019 ‌

دواین ئاماری فەرمی حكوومەتی ئێران ئەوە دەردەخات كە رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە بەراورد بە رێژەی هەڵاوسانی مانگی رابردوو 1.8% زیادی كردووە و گەیشتووەتە 42.2%.

بەرزبوونەوی رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە بەو واتایە دێت كە هەر خێزانێكی ئێرانی بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی رۆژانەیان، بە رێژەی نزیكەی 42% پارەی زیاتریان خەرج كردووە.

سەرەڕای ئەوەی كە لە چەند مانگی رابردوودا نرخی تمەنی ئێرانی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكی كەمێك بەرز بووەتەوە و ئێستە هەر دۆلارێكی بە 11 هەزار و 600 دینار دەفرۆشرێت، بەڵام هێشتا نرخی تمەن بەرانبەر بە دۆلار بەراورد بە ساڵی رابردوو نزمە.

پێش سزاكانی ئەمەریكا نرخی هەر دۆلارێك سێ هەزار تمەن بوو، بەڵام تمەن شكا و هەر دۆلارێكی بە 20 هەزار تمەن فرۆشرا.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" سەرۆكی بانكی ناوەندیی ئێرانیش باسی لەوە كردووە كە بەهای تمەن بەراورد بە نزمترن نرخی بەرانبەر بە دۆلار، 40% بەرز بووەتەوە.

لە كۆی گشتیدا هەڵاوسان لە ئێران بەردەوام زیادی كردووە و بەرزبوونەوەی نرخەكان كاریگەری زۆر خراپی خستووەتە سەر باری ژیانی خەڵك لە وڵاتە.



وشە - سلێمان تاشان