شووشە کاموسی: ئەدەبیات هیوا بۆ مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە

:: PM:03:54:24/08/2019 ‌

نووسەر و شاعیر شووشە کاموسی لە لێدوانێکدا بۆ "وشە" دەڵێ، عەشق هەمیشە لە ناخمدا سەما دەکات و من بە بێ عەشق وڵاتێکم لە وێرانی و بێدەنگی.

نووسەر و شاعیر شووشە کامووسی بە "وشە" ی ڕاگەیاند، شیعرەکانم لە دڵەڕاوکێی خۆم وەکو مرۆڤێک کە بە هەزار مەراق و ئازاردا تێدەپەڕێت، هەوڵ دەدات هەموو تەنگ و چەڵەمەکانی سەر ڕێی مرۆڤێکی دڵ پڕ لە خولیای ئەو سەردەمە پێشانی خوێنەر بدات.

ئەو خانمە نووسەرە ئاماژە بۆ ئەوەیش دەکات، من خاوەنی چەند کورتە چیڕۆکم و حەزدەکەم ڕۆژێک بێت ئازارەکانی ئەم گەلە نەحەساوەمان بکەمە ڕۆمانێک لە داهاتوودا، چیڕۆکیشم وەک شیعر خۆش دەوێت و خەونەکانم لە ئامێزیدا فرچگ دەگرێ، چیڕۆک دەمباتە ئارامییەکی پڕ لە جوانی و پڕم دەکات لە نەرمە شەپۆڵی هیوا.

شوشە کاموسی دووپاتی دەکاتەوە، حەز دەکەم کۆمەڵگاکەم کۆمەڵگەیەکی ژیر و چاوکراوە و خوێنەر بێت و بۆ هەموو بەها مرۆییەکان ڕێز دابنێت، من لە کۆمەڵگایەکدا دەتوانم بڵێم ئازادیم هەیە کە بەبێ جیاوازی ڕێز بۆ مرۆڤەکان لە ڕەگەزی نێر و مێ دابنرێت.

شووشە کامووسی ساڵی 1988 لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە و ئێستا لە سلێمانی دەژیت و وەک خۆی ئاماژەی پێ دەدات، ماوەی پازدە ساڵە شیعر دەنووسێت.


هەولێر/ گەرمیان گلی


وشە - هیدایه‌ت جان