ئینتفاز قەنبەر: بەهۆی لاوازیی ئێران باڵەكانی ناتوانن وەڵامی ئیسرائیل بدەنەوە

:: PM:05:18:27/08/2019 ‌

دوای پەرەسەندنی دۆخی ناوچەكە و لە چوارچێوەی ململانێی نێوان ئەمەریكا و ئێران، هاوكات پشتبەستنی ئێران بە باڵەكانی لە ناوچەكە و هەوڵدان بۆ گوشار خستنە سەر ئەمەریكا لە رێگەی هەڕەشەكردن لە ئیسرائیل، ئەو وڵاتە دەستی كردووە بە هێرشی ئاسمانی سەربازی بۆ سەر ئەو باڵانەی ئێران، ئینتفاز قەنبەر سیاسەتوانی نزیك لە واشنتن و سەرۆكی پارتی مەستەقبەلی عێراقی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات كە هەموو بژارەكانی لە بەردەم چارەنووسی حەشدی شەعبی كراوەن. 

*لەبەردەم ئەو گورزانەی بەناوی فڕۆكەی نەناسراوەوە لە ئامانجەكانی حەشدی شەعبی دەوەشێنرێت، بژارەكانی وڵامدانەوە چییە؟

هەموو چارەسەری و بژارەكان كراوەن و لەسەر مێزەكەن، ماوەی دوو ساڵە وریایی لەبارەی دروستكردنی پردێكی زەوینی لە نێوان ئێران و لبنان دەدەین كە بە سەرپەرشتی سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسم سلێمانییەوە دێتە دامەزراندن كە لە دیالە لەسەر سنوورەكانی ئێران دەست پێ دەكات تا قائم و لەوێشەوە بەرەو سووریا و لبنان و دەریای سپی ناوەڕاست و ئیسرائیل، لە رێگەی ئەو پردەوە چەك و مووشەك و تفاقی سەربازی و شەڕوانی شیعەی توندڕۆی پێدا دەگوازرێتەوە و ئەو پردە ئاشكرا بووە.

ئەو گورزانەی ئەمڕۆ هەن و دەیانبینین لە عێراق بۆ ئەو ناوچانەن كە چەكیان تیادا هەڵگیراوە و دەكەونە سەر ئەو پردە زەوینییە كە تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر ئاسایشی عێراق، بەڵكو هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی هەموو ناوچەكە، هەروەها بینیمان كە چۆن خاكی عێراق هاتە بەكارهێنان بۆ لێدانی لوولە نەوتییەكانی سعوودیە لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە و ئەوكات ئەبو مەهدی موهەندیس وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان هەڵسوكەوتی كرد و فرمانی دا بە داخستنی بواری ئاسمانی عێراق و بەكارهێنانی خاكی عێراق بۆ لێدانی خاكی سعوودیە كە وڵاتێكی دراوسێی عێراقە و پێش هێرشەكە بەچەند هەفتەیەك پێشوازی لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و شاندی باڵای عێراقی كردبوو.

بۆیە لێدانی لوولە نەوتییەكانی سعوودیە بە بەكارهێنانی خاكی عێراق، عێراقی خستە دۆخێكی شڵۆقەوە و خستییە ناو حاڵەتێكی جەنگەوە، بۆیە ئەمڕۆ لە دۆخێكی كراوەی جەنگدایە و ئیسرائیل دەستی بە وەشاندنی گورزەكان كرد، ئێمە بەرگری لە ئیسرائیل ناكەین، بەڵام وریاییشمان دایە حكوومەت كە بەكارهێنانی خاكی عێراق بۆ لێدانی دراوسێكانی و وەك كۆگەیەك و بۆ گواستنەوەی چەك و دروستكردنی هەڕەشەیەكی راگەیەندراو بۆ ئیسرائیل لەسەر خاكی عێراق، ئەوانە هەمووی عێراقیان خستووەتە ناو دۆخێكی سەخت، بەڵێ دۆخی عێراقە سەخت و مەترسیدارە.

*لە نێوان حەشدی شەعبی و ئێران و ئەمەریكا و ئیسرائیل حكوومەتی عێراقی هەڵوێستی چی دەبێت، پێشبینی چی دەكەن؟

حكوومەتی عێراق لە رێگەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكانی و بە بەردەوام بێتوانایی خۆی پێشان داوە لە وەرگرتنی بڕیارێكی سیاسی و ویستی سیاسیانەی خۆی لەدەست داوە بۆ وەرگرتنی بڕیارێك بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە مەترسییەكان، ئەگەرچی چەند درووشمێكی بەتاڵی هەبووە بەوەی خۆیان بەدوور دەگرن و رێگە نادەن خاكی عێراق بۆ لێدانی وڵاتانی دراوسێ بەكار بێت، كەچی عێراق بووەتە ئاتەشگە و ئێران سەركەوتوو بوو لە گواستنەوەی جەنگەكە لە تارانەوە بۆ بەغدا، ئەوەش مەترسیدارە.

*ئیسرائیل لە هێرشەكانی تا چەند دەڕوات، سنووری لێدانەكانی تا كەی و كوێن؟

پێم وایە ئیسرائیل لە لێدانی ئەو سەربازگە و سەنتەرانەی حەشدی شەعبی بەردەوام دەبێت، ئاماژەیەكیش هەیە كە ئەو هێرشدانە زۆر بە وردی ئەنجام دەدرێن و ئەوەش گومان دروست دەكات لەبارەی وردی زانیارییەكانی هەیەتی لەسەر كۆگەكانی چەك لەناو عێراق كە پێ دەچێت ئەو زانیارییانە لە تارانەوە بۆی بێت و ئیسرائیل توانیبێتی دزە بكاتە ناو سەرچاوەكانی زانیاری ئێران و رەنگە تاران بەمەبەست و بەو شێوەیە خۆی عێراق بكاتە قوربانی لەپێناو پاراستنی خۆی لە هێرشی راستەوخۆ، بۆیە ئەوەی روودەدات گواستنەوەی ئێرانە لە جەنگەكە بۆ ناو عێراق.

پێم وایە ئەو پێكهاتە و چینە سیاسییەی ئێستەی عێراق ناتوانن لەو تەنگژەیە دەرباز ببن و چاڵەكە قووڵتر دەكەن بۆ عێراق و زیاتر دەكەونە ناو باوەشی ئێران و ئەوەش وا دەكات ئەگەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی بیباتەوە، كە پێشبینیكراوە و ئەگەری زۆری هەیە، پێم وایە ئەو حكوومەتەی ئێستەی عێراق چارەنووسی زۆر مەترسیدارە.

هەورەها رەنگە دۆخەكە بە كۆتاهاتنی توانای بە هەناردنی شۆڕش و تیرۆر بۆ دەرەوەی ئێران كۆتایی بێت، تەنانەت رووخانیشی، بۆیە خاڵە وەرچەرخانەكە هەڵبژاردنی ئەمەریكایە، بەڵام ئێستە تا مانگی تشرینی دووەمی 2020 ئیسرائیل لە هێرشەكانی بەردەوام دەبێت، چونكە ئیسرائیل وا مامەڵە لەگەڵ ئەو ئامانجانە ناكات تەنیا ئێرانین، بەڵكو هەموو ناوچەكە دەگرێتەوە بەدرێژایی ئەو پردە زەوینییەی باسمان كرد، بۆیە مەبەستی ئیسرائیل نەهێشتنی كاریگەری ئەو پردەیە و تا ئێستەش سەركەوتوو بووە، بەو بەڵگەی تا ئێستە ئەو باڵانەی ئێران لە لبنان و سووریا و عێراق ناتوانن وەڵامی بدەنەوە. چونكە ئێران خۆی لاوازە، بۆیە ئیسرائیل بە ئازادییەكی زۆر گورزەكانی دەوەشێنێت.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل