كارۆخ ئیبراهیم یه‌كێكه له‌و گه‌نجه رۆشنبیر و شانۆكاره بوێرانه‌ی كه چه‌ندان شانۆگه‌رى به ستایڵ و شێوازى جیاجیا پێشكه‌ش كردووه، بۆیه بووه‌ته جێگه‌ى سه‌رسامى هونه‌رمه‌ندانى شانۆ و زۆرێك له ده‌رهێنه‌ره‌كانیش. له شانۆگه‌رییه‌كانیدا ده‌چێته نێو قووڵایى گیروگرفته‌كانى كۆمه‌ڵگه و رێگه‌چاره‌ى ته‌ندروستیان بۆ ده‌دۆزێته‌وه. هاوكات وه‌ك ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر پشت به لاوى تازه ده‌به‌ستێت و هانیان ده‌دات. له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا كارۆخ رووبه‌ڕووی چه‌ند پرسیارێك كراوه‌ته‌وه.
گرینگى شانۆ چییه؟ شانۆ ده‌توانێت كاریگه‌رییه‌كى گه‌وره دروست بكات؟ زۆر جاریش ده‌گوترێت بینه‌رى شانۆ له پاشه‌كشێدایه، به‌ڵام بۆچوونێكى تر هه‌یه پێى وایه هێشتا شانۆ بینه‌رى راسته‌قینه‌ی خۆى له ده‌ست نه‌داوه، تۆ چۆن بیر ده‌كه‌یته‌وه؟
شانۆ تێكه‌ڵه‌یه‌كه له من، من هه‌میشه شانۆ به داینه‌مۆی گۆڕانكارییه‌كان ده‌بینم، هه‌میشه له جه‌ده‌لێكی به‌رده‌وامه له‌گه‌ڵ وه‌رگر و بینه‌ری خۆی، ئه‌وه‌نده‌ی ئامرازێكه بۆ فێربوون زیاتر له‌وه به‌هۆی ئه‌وه له نوێبونه‌وه‌دایه. دواتر "كێ وا ده‌ڵێت؟ من پێم وایه به‌م جۆره نییه كه باس ده‌كرێت، شانۆ له ململانێیه له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌ش و پێشكه‌وتنه‌ی له ده‌روبه‌ردا هه‌یه، تا به‌ڵانسی خۆی وه‌رده‌گرێت پێویستی به كاته، جا ئه‌وكاته زۆر بخایه‌نێت یان كه‌م، شانۆ هه‌رگیز بایه‌خی خۆی له ده‌ست نادات، به‌ڵكو ئه‌وه شانۆكاره ئه‌و بایه‌خه‌ی خۆی كه‌م ده‌كاته‌وه، ئێسته بینه‌ر بووه‌ته بینه‌ری شانۆكاری باش به‌تایبه‌ت نه‌ك بینه‌ری شانۆ به گشتی، كه‌واته شانۆیییه‌كان به هۆی هه‌ندێك ناوی شانۆكار قه‌ره‌باڵغ و به پێی هه‌ندێكی تر چۆڵه.
زۆربه‌ى هونه‌رمه‌ندانى شانۆ له بوارى دراما و سینه‌ما كار ده‌كه‌ن، ئه‌وان پێیان وایه ئه‌و هونه‌رانه زۆر لێك نزیكن ده‌توانن كارى رژد و گرنگ ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام له لایه‌كى تره‌وه هه‌ندێك شانۆكار دژى ئه‌وه‌ن، جگه له‌مه‌ش هه‌میشه شانۆكار له كارى سینه‌ما و دراما به‌شێوه‌ى شانۆگه‌رى رۆڵى خۆى ده‌گێڕێت نه‌ك وه‌ك سینه‌ماكارێك، تۆ له‌مباره‌یه‌وه بۆچوونت چییه؟
له ئێسته‌دا ئه‌وه كاری من نییه، نه بڕوانامه‌م نه ویژدانم رێگه‌م پێ ناده‌ن، من نایه‌م جێگه‌ی كه‌سێكی تر داگیر بكه‌م، له ئێسته‌دا بیرم لێ نه‌كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ره‌نگه له داهاتوو بیری لێ بكه‌مه‌وه.
هونه‌رمه‌ندان هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن هه‌میشه به رێ نیشانده‌ر و پاڵپشت بۆ خۆیان و كاره هونه‌رییه‌كانیان داده‌نێن بۆ ئه‌وه‌ى كارى رژد بكه‌ن، بووه‌ته جێی باوه‌ڕیان، هه‌ڵبه‌ته له سه‌ره‌تادا باوكى كارۆخ هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم حه‌كیم وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكى كۆمیدى و شانۆكار رێ نیشانده‌ر بووه، هه‌روه‌ها كاریگه‌رییه‌كى زۆرى له‌سه‌ر كارۆخ هه‌بووه، جگه له‌وه‌ش كارۆخ گرووپه‌كه‌شى به رێ نیشانده‌ر و جێگه‌ى باوه‌ڕى خۆى پێناسه كردووه و ده‌ڵێت "له ئێسته‌دا گرووپه‌كه‌م (گه‌نج بۆ شانۆ)، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خاتوونی رۆژنامه‌نووس نیاز عه‌بدوڵا، ئه‌وانه پاڵپشت و باوه‌ڕن بۆ من، به تایبه‌ت نیاز عه‌بدوڵا.
هه‌ندێك له شانۆكاران گله‌یى ئه‌وه ده‌كه‌ن كه وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هونه‌رى شانۆ جیاوازى ده‌كه‌ن له نێوان شانۆكاران، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات شانۆكاران سارد بكاته‌وه له كارى هونه‌رى، هه‌ست ده‌كرێت كێبڕكێیه‌كى نادروست له نێوان هه‌ندێك له هونه‌رمه‌ندان له‌سه‌ر پاره و كارى هونه‌رى بكرێت؟
راسته! ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئاڵۆزییه‌ك و قسه و قسه‌ڵۆك له نێوانیان دروست بێت و شتى نابه‌جێ بۆ یه‌كترى هه‌ڵبه‌ستن. من پێم سه‌یره شانۆكار گله‌یی ئه‌وه بكات كه بۆ كار ده‌درێته شانۆكارێكی تر، من پێم ئاسایییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاسایی نییه ده‌زگه راگه‌یاندنه‌كان و رۆژنامه‌نووسانیش هه‌مان هه‌ڵه‌ی ئه‌وان دووباره ده‌كه‌نه‌وه، نازانم له چ ئیتیكێكی رۆژنامه‌نووسی هه‌یه كه به‌بێ بوونی به‌ڵگه قسه‌ی خه‌ڵك بگوازرێته‌وه، ته‌نانه‌ت من نزیكه‌ی چوار ساڵه له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری شانۆ له پێوه‌ندییه‌كی زۆر ئاڵۆز بووین وه‌ك گرووپ به گشتی و من به‌تایبه‌تی، له‌و ماوه‌یه جگه له به‌خشینی مانگانه‌ی گرووپ، هیچ داهاتێكی ترمان نه‌بووه بۆ كاری شانۆیی، نازانم چۆن و له كوێ ئه‌و پاره‌یه خه‌رج كراوه، ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێك ته‌نانه‌ت په‌ڕه كاغه‌زێكت بینیوه كه پاره خه‌رج كراوه، ئه‌وه مایه‌ی ده‌ستخۆشییه، من پێم وایه ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت جۆرێك بوو له‌و شه‌ڕانه‌ی كه له به‌رامبه‌ر ئێمه ئه‌نجام ده‌درا.
هه‌ورین و ئه‌ڤین