ئەگەر ئێنریكی پێی بڵێ بمرە دەمرێ
ئیڤان راكیتیچی ئەستێرەی كڕواتی و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە بەهیچ شێوەیەك لە دوورخستنەوەی یارییەكانی ئەم دواییەی یانەكەی دڵگران نییە و جەختیشی كردەوە كە تا دەمرێت سوپاسگوزاری لویس ئێنریكی راهێنەری تیپەكەیەتی.
راكیتیچ لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئێنریكی لەسەرەتای وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتیی یانەی بەرشەلۆنە خۆی داوای لە بەرپرسانی یانەكە كردبوو گرێبەست لەگەڵ من بكەن.
زیاتر گوتی: لە ماوەی رابردووشدا هاوكارییەكی زۆری كردووم بۆ ئەوەی ئاستی یاریكردنم بەرز بێتەوە و هەروەها بڕوای سەركەوتنی بە من و سەرجەم یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنە داوە.
راكیتیچ هەروەها گوتی: ئەگەر ئێنریكی پێم بڵێ لەسەر پرد خۆت فڕێدە خوارەوە بێ دوودڵی وادەكەم، چونكە ئەو هەموو شتێكی پێ بەخشیوم.
جێی باسە راكیتیچ لە هاوینی 2014 لەسەر داوای ئێنریكی بە گرێبەستێكی 5 ساڵە لە یانەی سڤیلییە ئیسپانییەوە پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە كرد، ئێستاش یەكێكە لە باشترین یاریزانەكانی هێڵی ناوەڕاست لە یانەكە و سەرتاسەری جیهان.
وشە -
ئامانج ئهكرهم