پاركی ئازادی خزمەتگوزارییە گشتییەكانی تێدا نەماوە

:: PM:09:43:03/09/2019 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رای دەگەیەنێت، داوای چاككردنەوەی ئەو خزمەتگوزارییانەی پاركی ئازادی كردووە و نووسراوێكی لەو بارەوە پێشكەشی ئەنجوومەنەكەی كردووە، بەرپرسێكی شارەوانی سلێمانیش دەڵێ، لەسبەینێوە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەكەن.

كاسترۆ مەعرووف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لە بارەی ئەو یاریە شكاوانەی پاركی ئازادی و خراپبوونی خزمەتگوزارییەكان نووسراوێكی داوەتە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ ئەوەی لایەنی پێوەندیدار لەو پرسە ئاگادار بكرێتەوە.

زیاتر گوتی، منداڵان تووشی مەترسی دەبنەوە ئەگەر ئەو یاریانە بەكار بهێنن، بۆیە پێویستە بەرپرسانی شارەوانی سلێمانی بە زوویی هەوڵی چاككردنەوەی بدەن.

لای خۆیەوە ئاكۆ عەلی جێگری سەرۆكی شارەوانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە هیچ دەرخەستەیەكیان لە بارەی چاككردنەوەی ئەو خزمەتگوزارییانەی پاركی ئازادی پێنەگەیشتووە.

روونیشی كردەوە كە دوای ئەم پێوەندییە تەلەفۆنییەی ئێوە، بەدواداچوون دەكەین و داوا لە بەڕێوەبەرایەتی باخچەكان دەكەین ئەگەر پێشتر نەیانكردبێت دەرخستەیەكمان بۆ بنێرن تا ئێمەش بودجە بۆ چاككردنەوەیان تەرخان بكەین.

لە بارەی وەرگرتنی پارەی گەراجانە لە ئۆتۆمبێلەكانی ناو پاركی ئازادی ئەو بەرپرسەی شارەوانی سلێمانی گوتی، داهاتی ئەو گەراجانە دەچێتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی و جیاوازە لە پرسی خزمەتگوزارییەكان.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا












وشە - سه‌رخێڵ هاشم