دۆخی سیاسی و ته‌ناهیی شنگال رێگره له به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان
هه‌ر له سه‌ره‌تای جه‌نگی سووریا و دواتر سه‌رهه‌ڵدانی داعش، ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك ئاواره بوون كه زیاتر له 700 هه‌زاریان له پارێزگای دهۆك داڵده دران. ئیسماعیل محه‌مه‌د جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری ئاواره و په‌نابه‌ران، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه هێشتا ئومێدێكی گه‌وره نییه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان، چونكه هێشتا شوێنه‌كانیان نائارامه.
ژماره‌ی ئێسته‌ی ئاواره و په‌ناخواز له پارێزگای دهۆك چه‌ندن؟
ئێسته 86 هه‌زار و 500 خێزانی ئاواره له پارێزگای دهۆكن كه خه‌ڵكی پارێزگای مووسڵن، له‌گه‌ڵ 13 هه‌زار و 500 خێزانی په‌ناخواز كه خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستانن، هه‌ندێكیان له كۆنه‌وه له پارێزگای دهۆكن و له كاتی جه‌نگی سووریا هاتوون، ئه‌وانی تریش دوای سه‌رهه‌ڵدانی داعش هاتوونه‌ته هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به به‌رده‌وامی هاتن و چوونی ئه‌م ئاوارانه گۆڕانكاری له ژماره‌یان كراوه، هه‌ندێك جار كه دۆخی ته‌ناهی باش بووه، گه‌ڕاونه‌ته‌وه و هه‌ندێك جاریش دۆخه‌كه خراپتر بووه و ژماره‌كه زیادی كردووه.
ئه‌وانه چه‌ندیان له‌ناو كه‌مپه‌كان و چه‌ندیان له ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپ و له ناو شاردا ده‌ژین؟
نزیكه‌ی 32 هه‌زار خێزان له ئاواره‌كان له‌ناو كه‌مپه‌كانی پارێزگای دهۆك ده‌ژین كه ژماره‌یان نزیكه‌ی 200 هه‌زار كه‌س ده‌بێ، هاوكات نزیكه‌ی نۆ هه‌زار خێزانی په‌ناخواز له‌ناو كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین.
ئه‌و په‌ناخواز و ئاوارانه‌ی له‌ناو كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین به‌سه‌ر 21 كه‌مپ دابه‌ش كراون، ئه‌وانی تریش له‌ناو شاردا ده‌ژین و زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كان ده‌ژین و بۆ خۆیان كار ده‌كه‌ن و توانای ئابوورییان باشتره و زیاتر پشت به خۆیان ده‌به‌ستن، به‌ڵام ئه‌وانیش له هاوكاریی ئێمه و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بێبه‌ش نین.
بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره و په‌ناخواز له ناو پارێزگای دهۆك، چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر سه‌رژمێری ساڵی 2020 ده‌بێت؟
به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ژماره‌ی ئاواره و په‌ناخوازانی پارێزگای دهۆك كار ناكه‌نه سه‌ر سه‌رژمێری ساڵی 2020، ئه‌گه‌ر سه‌رژمێرییه‌كه كرا، ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌كی جیا سه‌رژمێر ده‌كرێن و به‌ناوی ئاواره یان په‌ناخواز تۆمار ده‌كرێن و به خه‌ڵكی دهۆك هه‌ژمار ناكرێن.
زۆرجار گله‌یی ئه‌وه ده‌كرێت كه هاوكاریی رێكخراوه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی دروست ناگه‌یه‌نرێته ئاواره و په‌ناخوازه‌كان و له‌لایه‌ن كه‌سانی به‌رپرس له پارێزگاكه گه‌نده‌ڵی ده‌كرێت، ئه‌مه تا چه‌ند راسته؟
به‌هیچ شێوه‌یه‌ك راست نییه، ته‌نیا قسه‌ی خه‌ڵكه و هیچی تر، چونكه هه‌موو هاوكارییه‌كان به‌پێی سیستم دابه‌ش ده‌كرێ كه به داتایه و شه‌فافیه‌تی تێدایه، هاوكارییه‌كان له‌لایه‌ن "یوو ئێن" به هاووڵاتییان ده‌درێن و ئه‌وان به سیستمی سێ به‌ش هاوكارییه‌كان دابه‌ش ده‌كه‌ن، رێكخراوێك نوێنه‌رایه‌تییان ده‌كات و یه‌كێك هاوكاری دابه‌ش ده‌كات، رێكخراوێكی تر وردبینی له‌سه‌ر گه‌یشتنی هاوكارییه‌كان ده‌كات كه ئایا هاوكارییه‌كان به هاووڵاتییه‌كان گه‌یشتوون یان نا؟
كه‌واته ئیشی ئێمه له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كان ته‌نیا هاوئاهه‌نگییه، به‌ڵام خه‌ڵك به هه‌ڵه تێده‌گات و وا هه‌ست ده‌كه‌ن ئه‌و پاره‌یه ده‌كه‌وێته ده‌ستی ئێمه، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی وانییه، به‌ڵكو پاره ده‌چێته ده‌ستی رێكخراوه‌كان و ئه‌وان به‌پێی پێویستی په‌ناخواز و ئاواره‌كان له‌ناو كه‌مپ و ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپ پێداویستییان دابین ده‌كه‌ن.
هه‌ر كه‌سێك گومانی له‌سه‌ر دابه‌شكردنی هاوكارییه‌كان هه‌بێت، ده‌توانێ به‌دواداچوون بۆ دۆسیه‌كه بكات له‌لای رێكخراوه‌كانی "یوو ئێن" كه له دهۆك هه‌ن و هه‌موو شتێك به روونی شرۆڤه ده‌كرێ.
له‌و باوه‌ڕه‌دام پارێزگای دهۆك له‌م بواره‌دا باشترین پارێزگایه نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی عێراق، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی ده‌وروبه‌ریش.
له‌م ماوه‌یه رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هاوكارییه‌كانیان كه‌م ده‌كه‌نه‌وه، ئێوه چۆن هاوكارییان ده‌كه‌ن؟
به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین هاوكاری په‌نابه‌ر و ئاواره‌كان بكه‌ین، له رێی حكوومه‌تی ناوه‌ندی و حكوومه‌تی هه‌رێم و رێكخراوه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی و UN، به‌ڵام به راستی هاوكارییه‌كان به‌ره‌و كه‌می روێشتوون و وه‌ك پێشتر نین، چونكه سیستمی UN گۆڕاوه له گرنگیدان به لایه‌نی مرۆڤایه‌تی و زیاتر گرنگی به لایه‌نی دووباره گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئارامی ده‌ده‌ن، زۆرتر له‌سه‌ر پارێزگای مووسڵ كار ده‌كه‌ن و به‌شێكی زۆری پڕۆژه‌كان له مووسڵن ئێسته.
بۆردی كاروباری په‌ناخواز و ئاواره‌كان له دهۆك چه‌ند هاوكار بووه له پشتگیركردنی په‌نابه‌ر و ئاواره‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ جێی خۆیان؟
گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌ناخواز و ئاواره‌كان به ده‌ستی ئێمه نه‌بووه و به لایه‌نی تره‌وه به‌ستراوه, له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌موو كاتێك پشتگیریی گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌كه‌ین، چونكه گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ئێمه و ئه‌وان باشتر ده‌بێت، به‌تایبه‌تی ئاواره‌كانی پارێزگای دهۆك كه رێژه‌ی زۆریان ئێزیدی ناوچه‌ی شنگالن و به‌هۆی زۆر ئه‌گه‌ری وه‌ك ئابووری و خزمه‌تگوزاری و سیاسی، هێشتا ئاماده نین بگه‌ڕێنه‌وه جێی خۆیان، كێشه‌ی سیاسیی زۆر له ناوچه‌ی شنگال هه‌یه و خه‌ڵكه‌كه‌ی دوودڵن له گه‌ڕانه‌وه، تا دۆخی سیاسیی ناوچه‌كه ئارام نه‌بێت، ئه‌وان ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێ حكوومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ناوه‌ندی ده‌ستپێشخه‌ری باش بكه‌ن بۆ دووباره ئارامكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه.
دیارترین كێشه‌كانی بۆردی كاروباری مرۆڤایه‌تی له‌گه‌ڵ ژماره‌ی زۆری ئاواره‌كان له پارێزگای دهۆك چ بووه؟
كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئێمه له‌گه‌ڵ ئاواره‌كان، بارقورسی بووه له‌سه‌ر خزمه‌تگوزاری پارێزگای دهۆك له كاره‌با و ئاو و خزمه‌تگوزارییه ته‌ندروستییه‌كان و هه‌موو بواره‌كانی ژیان، ئه‌مه‌ش زۆر جار بووه‌ته هۆی بێزاری هاووڵاتییانی خۆجێی دهۆك.
جگه له به‌شداری په‌ناخواز و ئاواره‌كان له هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كان كه به خه‌ڵكی دهۆك ده‌گه‌ن، كاریگه‌ری ئه‌وان له‌سه‌ر بازاڕ و كه‌مبوونه‌وه‌ی هه‌لی كار چ بووه له پارێزگاكه؟
كه‌مبوونی هه‌لی كار و خراپی بازاڕ و بارودۆخی ئابووری پارێزگاكه نه‌ك ته‌نیا پێوه‌ندی به بوونی په‌ناخواز و ئاواره‌كانه‌وه هه‌بووه، به‌ڵكو ته‌نگژه‌ی ئابووری هه‌موو هه‌رێمی كوردستانی گرتووه‌ته‌وه، دهۆكیش له‌و ته‌نگژه‌یه رزگار نه‌بووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێ دا بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری په‌ناخواز و ئاواره بارقورسی زۆریان خستووه‌ته سه‌ر پارێزگاكه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك و باجه‌كه‌یشی خه‌ڵكی دهۆك داویانه.
پێشبینی ده‌كرێ تا كه‌ی ئاواره‌كان له پارێزگای دهۆك بمێنن؟
من له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم له ساڵی داهاتوویشدا ژماره‌یه‌كی زۆر له په‌ناخواز و ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه شوێنی خۆیان، چونكه دۆخی سیاسی و ته‌ناهیی ناوچه‌كان باش نین و بڕوا ده‌كه‌م بۆ چه‌ند ساڵی تریش ئه‌وان له‌م دۆخه‌دا بن و له پارێزگاكه بمێننه‌وه. هه‌ڵبه‌ت گفتوگۆ و دانوستاندن له نێوان حكوومه‌تی ناوه‌ندی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ئاستێكی باشدایه، به‌ڵام ده‌بێ زیاتر پێداگری له‌سه‌ر خۆشكردنی دۆخی سیاسیی ناوچه‌كان بكرێت و ئارامییان بۆ بگه‌ڕێنرێته‌وه.
*
ژماره‌ی ئاواره و په‌ناخوازه‌كانی پارێزگای دهۆك كار ناكاته سه‌ر سه‌رژمێری ساڵی 2020