ئێسكە پەیكەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە ئەشكەوتی شانەدەر دۆزرایەوە

:: PM:03:17:07/09/2019 ‌

 

زانكۆی كامبریجی بەریتانیا دەیەمین ئێسكە پەیكەری مرۆڤی نیاندەرتاڵی لە ئەشكەوتی شانەدەر لە سنووری پارێزگای هەولێر دۆزییەوە كە مێژووەكەی بۆ نزیكەی 75 هەزار ساڵ بەر لە ئێستە دەگەڕێتەوە .

عەبدلوهاب سلێمان بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران لە لێدوانێكیدا بە " وشە "ی راگەیاند، ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە رێككەوتنێكمان لەگەڵ شوێنەوارناسانی زانكۆیی "كامبریج"ی بریتانی واژوو كردووە، بەمەستی ئەنجامدانی كاری هەڵكۆڵین لە ئەشكەوتی شانەدەر، لە ئەنجامی كاری هەڵكۆڵین و كاركردنیان ئێستە ئێسكە پەیكەری مرۆڤی " نیاندەرتاڵ " لە ئەشكەوتەكە دۆزراوەتەوە و زانكۆی كامبریج لە ڕێی تاقیگەی پێشكەوتوو دەیانەوێت هەموو تەبەقەكان هەڵبدرێنەوە و بۆ ئەوەی زیاتر لەسەر كار بكەن و بە ورتر كار لەسەر مرۆڤی نیاندەرتال بكەن.

بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران ئاشكرای دەكات، ساڵی رابردوو توانیان كەلەسەرێكی مرۆڤی نیاندەرتاڵ بدۆزنەوە كە بە نیاندەرتاڵی دەیەم ئەژمار دەكرێت، ئەمساڵیش باقی ئەو پەیكەرە كە پێكدێت لە بڕبڕەی پشتی لەگەڵ پەراسووەكانی دۆزرایەوە، هی هەمان ئەو كەلەسەرە بوو كە ساڵی رابردوو دۆزرایەوە، بەپێی پشكنینە سەرەتاییەكانیش تەمەنی ئەو ئێسكە پەیكەرەی لە ئەشكەوتی شانەدەر، كە لەلایەن شوێنەوارناسانی زانكۆیی (كامبریج)ی بەریتانی دۆزراوەتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ (75) هەزار ساڵ پێش ئێستە. گوتی "ئەشكەوتی شاندەر ناوچەیەكی شوێنەواری گرنگی دەڤەری سۆران و هەرێمی كوردستان و عێراقیشە، لە سەرانسەری دنیا مرۆڤی نیاندەرتاڵ دۆزراوەتەوە، بەڵام لە كەم شوێن وەك ئەشكەوتی شاندەر جەستەی مرۆڤی نیاندەتاڵ بەو شێوە زۆرە نەدۆزراوەتەوە .

دۆزینەوەی هەر ئێسك و پرووسكێكی مرۆڤی نیاندەرتاڵ بۆ ئەو زانكۆی بەریتانییە دەستكەوتێكە و بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆرانیش دەڵێت، "مێژووی ژیان لە ئەشكەوتی شانەدەر بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە و بۆ یەكەم جار شوێنەوارناسێكی ئەمەریكی لە ساڵی 1951 شوێنەوارێكی مرۆڤی نیاندەرتاڵی دۆزییەوە، تا ئێستە نۆیەمین ئێسك و پرووسكی مرۆڤی نیاندەتاڵ لەو ئەشكەوتە دۆزراوەتەوە كە دووەم جارە ئێسك و پرسووكی مرۆڤی نیاندەرتاڵ دەدۆزرێتەوە و بۆ ئەمجارە جەستەی تەواوەتی مرۆڤێك دۆزراوەتەوە .

بەشی شوێنەواری زانكۆی كامبریج ماوەی چوار ساڵە لە ئەشكەوتی شانەدەر كاری هەڵكۆڵین ئەنجام دەدەن و پێنج ساڵیشە گرێبەستی كاركردنی ناوچە شوێنەوارییەكانی كوردستانیان لە گەڵ حكوومەتی هەرێم هەیە و كاری هەڵكۆڵین و پشكنین بۆ ناوچە شوێنەوارییەكان ئەنجام دەدەن .

ئەشكەوتی شانەدەر لە باشووری كوردستان و لە سنووری پارێزگای هەولێرە، خاوە‌ن كۆمە‌ڵێك شوێنەواری گرنگە لە چاخی كۆن بە‌ردی ناوە‌ندی ‌تا دواییە‌كانی نوێی بە‌ردییە. ئە‌م ئە‌شكە‌وتە دەكەوێتە شارۆكەی مێرگەسۆر و سەر بە پارێزگای هەولێرە، 2200 پێ بەرزە لە ئاستی ڕووی زەریاوە، دەكەوێتە سەر بەرزایی لووتكەی چیای برادۆست، مێژووی ئەم ئەشكەوتە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەردینی كۆن بۆ 80 هەزار ساڵ بەر لە زایین و بە كۆنترین و گەورەترین ئەشكەوت دادەنرێت لە عێراقدا.

ئەشكەوتی شانەدەر لە بەرزایی (18 م) و درێژایی (40 م) و پانیی (27 م)ـە كە فراوان دەبێت بۆ ناوەوە تا دەگاتە نزیكەی (60 م). لە ساڵی 1951 تا 1961 هەڵكۆڵینی سەرەتایی تێدا كراوە لەلایەن زانا (ڕالف سولیكی) بە پاڵپشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار لەو كاتەدا، ئەو هەڵكۆڵینەش تەواو نەكراوە و لە ئەنجامی ئەم هەڵكۆڵینەش چوار چین دۆزراوەتەوە .

بەپێی ئەو ئامارەی دەست "وشە" كەوتووە، سێ هەزار و 125 ناوچەی‌ شوێنەواری لە باشوری‌ كوردستان تۆمار كراون‌، دەڤەری سۆران و سنووری هەرچوار شارۆكەی سۆران، مێرگەسۆر، رواندز، چۆمان خاوەنی 900 ناوچەی شوێنەوارییە و بەشێك لە ناوچە شوێنەوارییەكان مێژووەكەیان بۆ 30 هەزار ساڵی پێش زایین دەگەڕێتەوە .

سۆران – موڕشید برادۆستی

 







وشە - هیدایه‌ت جان