پێشنیازی لابردنی سفڕەكانی سەر دراوی عێراقی دەكرێت

:: PM:07:17:07/09/2019 ‌
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات كە توێژینەوەیەك كراوە بۆ لابردنی سفڕەكانی سەر دراوی عێراق، بڕیاردەری لیژنەكەش دەڵێ، لە قۆناغی ئێستە بەهۆی كۆمەڵێك هۆكارەوە پێشنیازەكە جێبەجێ ناكرێت.

ئەمڕۆ شەموو حەوتی ئەیلوول، ئەحمەد سەفاڕ بڕایادەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە توێژینەوەیەك لەسەر لابردنی سفڕەكانی سەر دراوی عێراق ئەنجام دراوە، لەسەر دەرئەنجامی توێژینەوەكەش پێشنیاز پێشكەش بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و لیژنەی دارایی كراوە تا لێكۆڵینەوە لە گۆڕینی دراوی نیشتمانی بكرێت.

سەفاڕ بۆ "وشە" دەڵێ، بەپێی لێكۆڵینەوەی سەرەتایی دەركەوتووە تێچووی پڕۆژەكە زۆر گەورەیە تا هەرچی دراوی عێراقی هەیە لە بازاڕ بكشێنرێتەوە و دراوی نوێ بخرێتە بازاڕ، ئەو پڕۆژەیە پێویستی بە خەرجییەكی زۆر هەیە، گوتی "جگە لەمە لابردنی سێ سفڕەكە هیچ لە هاوكێشە ئابوورییەكە ناگۆڕێت و تەنیا پرسێكی دەروونییە و هیچ سوودێكی ئابووری نابێت".
 
زیاتر گوتی "بوونی كورتهێنان لە بودجەی ساڵی داهاتوو، قەرزە كەڵەبووەكانی سەر عێراق دوو هۆكاری سەرەكین لەوەی نەتوانرێت ئێستە پڕۆژەكە جێبەجێ بكرێت و سفڕەكانی سەر دراو لابردرێن، ئەگەرچی لیژنەی دارایی لەسەر پڕۆژەكە، لایەنی تایبەتمەندی پێوەندار بە سیاسەتی نەختینەیی ئاگادار كردووەتەوە كە توێژینەوەیەكی وردتر بكەن لەسەر ئەو پرسە و پێشكەشی لیژنەی دارایی بكەن، لە توێژینەوەكەش هێڵە سەرەكییەكان بخرێتەڕوو".

 پرسی لابردنی سێ سفڕ لەسەر دراوی عێراق، ماوەی چەند ساڵێكە قسە و باسی لەسەر دەكرێت، تەنانەت هەوڵ هەبووە كە بەهای 100 دۆلاری ئەمەریكی بەرانبەر بە دراوی ئێستە بكرێتە 100 هەزار دیناری عێراقی، بەڵام هەموو ئەوانە تا ئێستە لە چوارچێوەی توێژینەوە و لێكۆڵینەوە و پێشنیاز دایە، هێشتا حكوومەت و بانكی ناوەندی لەسەر ئەو پرسە هیچ دەستپێشخەری و بڕیارێكیان نەداوە.


وشە - فه‌رمان سادق