یەكێتی هەوڵی گەڕاندنەوەی فەرماندە سەربازییەكانی گۆڕان دەدات

:: PM:10:08:07/09/2019 ‌

یەكێتی نیشتمانیی كوردستان هەوڵەكانی بۆ گەڕانەوەی فەرماندە سەبازییەكانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان چڕ دەكاتەوە، سەرچاوەیەك لە هێزەكانی حەفتای یەكێتی  باس لە گەڕانەوەی فەرماندەیەكی سەربازی گۆڕان لە بەرانبەر پێدانی پۆستێكی باڵای تەناهییەوە دەكات، فەرماندەی هێزەكانی حەفتاش رەتی دەكاتەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە هێزەكانی حەفتای یەكێتی نیشتمانیی كوردستان كە نەیویست ناو بهێندرێت ئەمڕۆ شەموو 7ی ئەیلوول بە "وشە"ی راگەیاند، هەوڵەكان بۆ گەڕانەوەی ئەنوەر دۆڵانی ئەندامی جڤاتی گشتی و فەرماندەی سەربازی بزووتنەوەی گۆڕان بەردەوامە لەبەرانبەردا پلەی ئامر لیوای پێ دەدرێت.

سەرچاوەكەی هێزەكانی حەفتا دووپاتی كردەوە كە هەوڵ بۆ عوسمانی حاجی مەحموودیش دراوە بگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی، بەڵام نازانین بەڵێنی چ پۆستێك بەو دراوە.

لای خۆیەوە چالاكی موهەندیس ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان و هاورێی ئەنوەر دۆڵانی بە"وشە"ی راگەیاند، ئەوەندەی ئاگەدارین یەكێتی هەوڵی گەڕاندنەوەی چەند بەرپرسێكی بزووتنەوەكەمانی دەست پێ كردووە و دەیەوێت بە پێدانی پۆست ئیغرایان بكات.

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بەدووری زانی ئەنوەر دۆڵانی و عوسمانی حاجی مەحموود بگەڕێنەوە ناو یەكێتی و ئەوەی زیاد كرد، خۆم هەفتەی رابردوو چوومەتە ماڵی عوسمانی حاجی مەحموود و داوام لێی كرد وەك دانیشتووە و زوویرە لە گۆڕان نەگەڕێتەوە ناو یەكێتی و نەشبێت بە پارتی، لەبەرانبەرا بەڵێنی دا كە بە قسەم بكات.

مەهەندیس دووپاتی كردەوە كە زۆر كەس هەیە لەبەرانبەر پێدانی پۆست خۆی بۆ راناگیرێت و پشت لەو حزبەی خۆی دەكات كە بە بڕوای خۆی هەڵیبژاردووە.

لای خۆیەوە مستەفا چاورەش فەرماندەی هێزەكانی حەفتای یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بۆ "وشە" رەتی كردەوە ئاگەداری ئەو هەوڵانە بێت كە بۆ گەڕانەوەی ئەنوەر دۆڵانی دراون.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل