وەزیری كارەبا: چاكسازی لە گرێبەستەكانی كارەبا دەكەین

:: AM:10:04:08/09/2019 ‌
كه‌مال محه‌مه‌د وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یەكەمجار چاوپێكەوتنی ڕۆژنامەوانی دەكات و لەو دیمانەیەدا كە لەگەڵ "وشە" كردوویەتی، ئاماژە بە باشبوونی ڕەوشی كارەبا دەكات و دووپاتی دەكاتەوە، چاكسازیی لە گرێبەستەكانی كارەبا دەستی پێ كردووە و دەڵێ، میكانیزمی سەردەمیانە بۆ رێكخستن و چارەسەركردنی كێشەی كارەبا دەگرنە بەر.

پلانتان بۆ وەزارەتی كارەبا و باشتركردنی رەوشی كارەبا چییە؟
 مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كارنامەی كابینە وەزارییەكەیدا دووپاتی لەسەر چارەسەركردنی بنەڕەتی بۆ كێشەی كارەبا و كەمكردنەوەی بەهەدەردان و دابەشكردنێكی پێشكەوتووی وزەی كارەبا كردەوە، ئەم ئەركەیش خراوەتە ئەستۆی وەزارەتی كارەبا تا ئەو كێشەیە بەرەو چارەسەركردن بچێت، بۆ ئەم مەبەستە لە وەزارەتی كارەبا دەستمان كردووە بە ئامادەكردنی كارنامەی وەزارەت. 

لەو كارنامەیەدا هەموو ئەو كێشە و گرفتانەی لە بەردەم چارەسەركردنی كێشەی كارەبادان، گفتوگۆی چڕوپڕی لەسەر كراوە و رێ چارە و پلانی وەزارەت لە چەند ساڵی داهاتوودا دەخرێتە ڕوو، بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز دەكرێتەوە و گفتوگۆی لەسەر دەكرێت. هەروەها وردەكارییەكانی ماستەرپلانی وەزارەتی كارەبامان تەواو كردووە و بەمنزیكانە ئامادە دەكرێت و لە سایتی وەزارەت بڵاوی دەكەینەوە. 

پلانمان بۆ سەرجەم سێكتەرەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشكردن و كۆنترۆڵكردنی كارەبا هەیە، تا سیستمی كارەبا بەشێوەیەكی رێكوپێك بەڕێوە بچێت و میكانیزمی سەردەمیانە بۆ رێكخستن و چارەسەركردنی كێشەی كارەبا دەگرینە بەر. 

لەڕووی كارگێڕیی و بەڕێوەچوونی كاری هاووڵاتییانیشەوە وەزارەتی كارەبا چاكسازیی لە كاروبارەكانی دەست پێ كردووە و هەموو فەرمانبەرانی پابەندی دەوامی فەرمی كردووە، لە هەوڵی بەردەوامداین تا رۆتین نەهێڵین و كارەكانی هاووڵاتییان لە فەرمانگەكانماندا بە خێرایی بەڕێوە بچێت.

بەڵام یەكێك لە گەورەترین كێشەكانی كارەبا زیادەڕۆییە، پلانتان بۆ ئەم بابەتە چییە؟
زیادەڕۆیی لەسەر كارەبا واتا زیادەڕۆیی لەسەر سامانی گشتی و بەهەدەردانی ماڵ و موڵكی هاووڵاتییان، چونكە كارەبا سامانێكی نیشتمانییە و پارێزگاریكردن لێی ئەركی هەمووانە، ئەم ئەركە راستەوخۆ لەسەر شانی وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی ناوخۆ و داواكاری گشتییە، بۆیە لەگەڵ دەستبەكاربوونمان دەستمان كرد بە چاوخشاندنەوە بە رێنوێنی و مەرجەكانی پێدانی كارەبا و سزای دارایی و یاسایی توندی ئەو هاوبەشانە دەدەین كە سەرپێچی لەسەر تۆڕی كارەبای نیشتمانی دەكەن و زیان بە تۆڕەكە و سیستمی كارەبا و هاووڵاتییانی كوردستان دەگەیەنن.

لە كاركردنداین لیژنەكانی سەرپێچیكردنی كارەبا و تیمەكانی بڕین و لابردنی سەرپێچییەكان لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی دابەشكردنی كارەبا لە پارێزگاكان كارا بكەین، لەلایەكی ترەوە تیمەكانی بەستنی پێوەری زیرەك بەردەوامن لەسەر دانانی پێوەر و رێكخستنەوەی چۆنیەتی گەیاندنی كارەبا بەهاوبەشەكان، بەمەش بەشێكی زۆری هاوبەشانی كارەبا كۆنترۆڵ دەكرێنەوە و بەپێی ئەو پێوەرە، ناتوانن چیتر كاری راكێشانی نایاسایی وزەی كارەبا و سەرپێچی بكرێتە سەر تۆڕەكانی كارەبا. 

داوا لەو هاووڵاتییانە و هاوبەشانی كارەبا دەكەم خۆیان لە دزینی كارەبا و سەرپێچی لەسەر تۆڕی كارەبا بەدوور بگرن، تا دووچاری ئەو سزا یاسایی و داراییانە نەبنەوە كە بەپێی یاسا دانراوە.
 
دەگوترێت ئەو كۆمپانیایانەی كارەبا بەرهەم دەهێنن هاوئاهەنگییان لەگەڵ هەندێك بەرپرس هەیە، بەگشتی گرێبەستی كۆمپانیاكان بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا چۆنە؟
 لە بەرنامەی وەزارەتی كارەبادایە چاوخشاندنەوە بە سەرجەم گرێبەستەكانی وەزارەتی كارەبا لەگەڵ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بكاتەوە، پێوەندی ئێمە لەگەڵ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبا زۆرباشە و لەسەر بنەمای كار و یاسا و رێنوێنییەكانە، نەك لەسەر بنەمای ئەو كۆمپانیانە لەلایەن كێوە بەڕێوە دەبرێن یا سەربە چی گرووپێكی كۆمپانیاكانن. 

لەبارەی چاوخشاندنەوە بە گرێبەستەكانیش قسەمان لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرانی گشتی و سەرۆكی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبا كردووە تا لە نزیكترین كاتدا دەست بە گفتوگۆكانی تایبەت بە چاوخشاندنەوە بە گرێبەستەكان بكەینەوە، ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە ئامادەییان دەربڕیوە بۆ گفتوگۆ و رێكخستنەوەی ئەم بوارە. 

راستە بەهۆی قۆناغەكە و بارودۆخەكە لە سەرەتادا ئەم گرێبەستانە بە چەند شێوازێك واژوو كراون، ئەوكات قۆناغ و سەردەمەكە ئەوەی دەخواست، بەڵام دوای تێپەڕبوونی كات و بە ڕەچاوكردنی بەرژەوەندی گشتی و واقیعی بارودۆخەكە و كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەبێت هەموو ئەم گرێبەستانە یەك بخەین و لە رووی  یاسایی و تەكنیكی و نرخ و وردەكارییەكانی ترەوە، جیاوازییان نەبێت. 

ئەمە یەكێكە لەو چاكسازییە گەورە و گرنگانەی كە وەزارەتی كارەبا لەم كابینەیەدا پێی هەڵدەستێت و پارەیەكی زۆر بۆ بودجەی گشتی هەرێمەكە دەگەڕێتەوە.

هەندێك بەرهەمهێنانی كارەبا هەیە دەگوترێ 24 سەعات پارە لەسەر حكوومەت حیسابە یەكەكان كار بكەن یان بكوژێنەوە، لە كاتێكدا لە باشترین كات كارەبا 15 سەعات دەدرێ؟
 بەشێوەیەكی گشتیی گرێبەستەكانی كڕینی وزەی كارەبا گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە و زۆربەی زۆری لە بەرژەوەندیی وەزارەتی كارەبادا داڕێژراونەتەوە، چونكە بە سەرپەرشتی كۆمپانیای بەریتانی تایبەت بە راوێژكاری وەزارەت BP ئامادە كراون، لەگەڵ ئەمەیشدا چاكسازییەكی گەورە لەم بوارەدا دەكەین. 

لە ساڵی 2015 بابەتی پێدانی پارە لەسەر توانای بەرهەمهێنان راگیراوە و تەنیا ئەو پارەیە بۆ كۆمپانیاكان حیساب دەكرێت كە وزەی كارەبا بە راستەقینە لە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەباوە دەگاتە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و بەسەر هاوبەشاندا دابەشی دەكەین.

بیرتان لەوە كردووەتەوە سیستمی كارت بۆ كارەبا جێبەجێ بكەن؟
پڕۆژەی پێوەری زیرەك بە یەكێك لە پڕۆژە گرنگ و پێشكەوتووەكان دادەنرێت و هەموو ئەو وردەكارییانەی تایبەت بە كارت و رێكخستنی بەكارهێنانی كارەبای تێدایە، خۆی لەخۆیدا ئەم پڕۆژەیە لە رووی داتابەیس و دابەشكردنی كارەبا بەسەر هاوبەشانی كارەبادا، ئەوەندە پێشكەوتووە كە رۆڵی دەبێت لە بەڕێوەبردنی سیستمی دابەشكردنی كارەبا و كۆنترۆڵكردنی و دابەزینی بارزۆری سەر فیدەرەكان، دوای تەواوبوونی پڕۆژەكە بەشێوەیەكی دادپەروەرانەتر خزمەتگوزاریی كارەبا بەسەر هاوبەشاندا دابەش دەكرێت، ئەمە وێڕای ئەوەی دەتوانرێ لە داهاتوودا و بۆ قۆناغێكی تر ئەو سیستمی كارتەی كە لە پرسیارەكەدا ئاماژەت پێ داوە، بۆ پێوەرەكە جێبەجێ بكرێت. 

پڕۆژەكەش بۆ هەموو هاوبەشانی كارەبا دادەنرێت كە لەم رۆژانەدا ژمارەیان دەگاتە یەك ملیۆن و 562 هەزار و 515 هاوبەشی كارەبا، لە ڕووی كردەنیشەوە دەست بە دانانی پێوەری زیرەك لە چەندان گەڕەك و ناوچەی پیشەسازیی كراوە و تیمەكانی دانان و بەستنی پێوەری زیرەك، بەپێی خشتەی زەمەنی و بەرێكوپێكی ئەم كارە لە سەرجەم پارێزگاكانی كوردستاندا ئەنجام دەدەن.
 
ئەی وێستگە هەڵمییەكان تا چەند هاوكارن بۆ كارەبای هەرێمی كوردستان؟
وێستگەی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبای هەڵمی ئاڵۆزە و تێچوونی دروستكردنی گرانە و بە تەكنەلۆجیایەكی بەرز جێبەجێ دەكرێت، بەڵام بە وێستگەی گرنگی بەرهەمهێنانی كارەبا دادەنرێن چ لە ڕووی تێچوونی بەرهەمهێنانی وزەی كارەباوە بێت، یان لە ڕووی ئەوەی ئەم وێستگانە دۆستی ژینگەن، لەم روانگەیەوە لەگەڵ دەستبەكاربوونم لە وەزارەتی كارەبا، راستەوخۆ كاری بەدواداچوونم بۆ پڕۆژەی وێستگەی كارەبای هەڵمی خەبات گرتە ئەستۆ، چونكە لە ڕووی ئابوورییەوە بە پڕۆژەیەكی ستراتیجی دادەنرێت و جیاوازە لە وێستگەكانی تری بەرهەمهێنانی كارەبا كە لەرێی غازی سروشتی و گازوایلەوە كار دەكەن. 

دوای كۆبوونەوە و لێكتێگەیشتن لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار و كۆمپانیای بۆسكۆی كۆریای باشوور، توانیمان زۆر لە گرفت و ئاستەنگەكانی بەردەم كاركردنی وێستگەكە و بەستنەوەی بە تۆڕی كارەبای نیشتمانی كوردستانەوە چارەسەر بكەین، خۆشبەختانە لەم هەفتەیەدا دوو یەكەی وێستگەكە وەك تێست بەگەڕ خراون و لە نزیكەوە چاودێری بەڕێوەچوونی كارەكان دەكەم، بۆ ئەوەی لەمنزیكانە بەفەرمی ئەو 300 مێگاواتەی كارەبا لە رێوڕەسمێكدا رابگەیەنین و ئەو بڕە كارەبایە بخەینە ناو تۆڕی دابەشكردنی كارەبای نیشتمانییەوە.
 
چۆن مامەڵە لەگەڵ قەرزی كارەبای كەڵەكەبووی سەر هاووڵاتییان دەكەن؟ 
 وەزارەتی كارەبا 952 ملیار دینار و 671 ملیۆن و 852 هەزار دیناری لای هاوبەشانی كارەبایە بە هەر چوار پۆلی (ماڵان، بازرگانی و پیشەسازی، حكوومی، كشتوكاڵی)، ئەم قەرزانە میكانیزمێكی گونجاوی بۆ دەدۆزینەوە تا وەریبگرینەوە، ئێمەیش كارئاسانیمان كردووە و هاووڵاتییان و هاوبەشانی كارەباش دەتوانن لەڕێی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی دابەشكردنی كارەبای پارێزگاكانەوە سەردانمان بكەن و بەشێوەی قیست ئەو قەرزانەی سەرشانیان بدەنەوە، بەڵام دەمەوێ دووپات لەسەر ئەوە بكەمەوە بەهیچ شێوەیەك لە دەسەڵاتی وەزارەتی كارەبادا نییە لە هیچ قەرزێك خۆش بێت و تەنانەت ئەمە لە بەرنامەماندا نییە. 

پێدانی نرخی كارەبا میكانیزمێكی جیهانییە و هیچ بەدیلێكی نییە، بێ ئەو نرخە و وەرگرتنی لە هاوبەشانی كارەبا، مومكین نییە بتوانرێ كۆنترۆڵی وزەی كارەبا و دابەشكردنێكی دادپەروەرانەی كارەبا بەسەر هاووڵاتییان و هاوبەشانی كارەبادا بكرێت.

لە دەسەڵاتی وەزارەتی كارەبا نییە لە قەرزی كارەبا خۆش بێت و لە بەرنامەشماندا نییە
زیاتر لە 952 ملیار دینارمان لای هاوبەشەكانی كارەبایە



وشە - سه‌رخێڵ هاشم