دواى زیاتر له ساڵێك گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى تاڵیبانى ئه‌فغانستان و چه‌ند لایه‌نێكى تر‌ى ئه‌فغانستان، به‌شێوه‌یه‌كى كتوپڕ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رجه‌م دانوستاندنه‌كانى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى ئه‌م وڵاته راگرت. ئه‌و پێشتر ددانى به‌وه ناوه كه ئه‌فغانستان دۆسیه‌یه‌كى ئاڵۆزه، چونكه وه‌ك زانكۆى هارڤارده بۆ ده‌رچوون و په‌روه‌رده‌كردنى تیرۆریستان.
رۆژى چوارشه‌مى داهاتوو 18 ساڵ به‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ى 11ى سپێتێمبهر تێده‌په‌ڕێت. ئه‌و رووداوه‌ى له دواى جه‌نگى دووه‌مى جیهان به یه‌كێك له رووداوه گرنگه‌كان داده‌نرێت كه سیاسه‌تى دنیاى گۆڕى، چونكه دواى ئه‌م رووداوه كه سێ هه‌زار ئه‌مه‌ریكى تێیدا بوونه قوربانى، ئه‌مه‌ریكا شه‌ڕى دژ به تیرۆریستى راگه‌یاند، هه‌ڵبه‌ته ئه‌فغانستانیش یه‌كێك بوو له مه‌یدانه‌كانى ئه‌و شه‌ڕه، چونكه ئه‌و كات بزووتنه‌وه‌ى تاڵیبان ده‌سه‌ڵاتى له‌م وڵاته به‌ده‌سته‌وه بوو، زۆربه‌ى رێكخراوه تیرۆریسته‌كانى له نموونه‌ى قاعیده له‌و وڵاته داڵده درابوون و هه‌ر ئه‌وانیش بوون به‌رپرسیارێتى خۆیان له رووداوه‌كه‌ى 11ى سێپتێمبه‌ر راگه‌یاندبوو.
ئه‌مه‌ریكا به هاوكارى چه‌ندان وڵاتى تر ئه‌وكات شه‌ڕیان له دژى بزووتنه‌وه‌ى تیرۆریستى تاڵیبان راگه‌یاند، هه‌رچه‌نده ئه‌وان توانیان بزووتنه‌وه‌كه له ده‌سه‌ڵات دوور بخه‌نه‌وه و ده‌سه‌ڵاتێكى نوێ كه دۆستى رۆژئاوا بێت له‌م وڵاته بسه‌پێنن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى تێبینى ده‌كرێت، نه‌توانرا شه‌ڕ له‌م وڵاته بوه‌ستێنرێت، بۆیه ماوه‌ى 18 ساڵه شه‌ڕ له‌نێوان لایه‌نه‌كانى ئه‌فغانستان به‌رده‌وامه و جگه له بزووتنه‌وه‌ى تاڵیبان ئه‌م وڵاته بووه‌ته مه‌یدانێك بۆ رێكخراوى تیرۆریستى تر‌ى وه‌ك تاڵیبانى پاكستان و داعش و قاعیده و چه‌ندان گرووپى تیرۆریستى تر.
له ماوه‌ى ئه‌م 18 ساڵه‌دا سێ سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا گۆڕاوه، پێنج خولى سه‌رۆكایه‌تى له ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێوه چووه، دوو خولى سه‌رۆكایه‌تى جۆرج ده‌بلیو بۆش، دوو خولى سه‌رۆكایه‌تى باراك ئۆباما، ئه‌مه خولێكى سه‌رۆكایه‌تى تره‌مپیش به‌ره‌و كۆتایى ده‌چێت، كه‌چى ئه‌م شه‌ڕه هه‌ر به‌رده‌وامه و به یه‌كێك له درێژترین شه‌ڕ داده‌نرێت له مێژووى نوێ كه ئه‌مه‌ریكا پێى هه‌ڵسابێت.
له‌باره‌ی هه‌ڵوێستى تره‌مپ له‌سه‌ر دۆسیه‌ى شه‌ڕى ئه‌فغانستان، وه‌ك هه‌موو دۆسیه‌كانى تر دۆناڵد تره‌مپ هه‌ڵوێست و لێدوانه‌كانى جێگیر نییه، له سه‌ره‌تاى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى له ساڵى 2017 تره‌مپ راى گه‌یاند كۆمه‌كى دارایى بۆ هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا زیاتر ده‌كات و بۆئهمهى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بتوانن له‌م وڵاته له‌شه‌ڕى تیرۆر به‌رده‌وام بن.
كه‌چى له كۆتایى ساڵى 2018 ئه‌وكاته‌ى بڕیارى دا هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له سووریا بكێشێته‌وه، دۆناڵد تره‌مپ راى گه‌یاند، هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستانیش ده‌كێشێته‌وه. به‌ڵام به ماوه‌یه‌كى كورت و دواى هاتنى ساڵى 2019 ئه‌مه‌ریكا راى گه‌یاند له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى تاڵیبانى ئه‌فغانستانى ده‌ستى به دانوستاندن كردووه و له ده‌وحه‌ى پایته‌ختى قه‌ته‌ر دانوستاندنه‌كه به‌ڕێوه ده‌چێت، له‌لایه‌ن زه‌ڵماى خه‌لیلزاد سه‌رپه‌رشتى ده‌كرێت.
ئه‌م دانوستاندنه هه‌شت مانگ به‌رده‌وام بوو، له 24ى ئابى رابردوو به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكا ئاشكرایان كرد له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى تاڵیبان گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتنێك كه قۆناغى گواستنه‌وه له ئه‌فغانستان ده‌ست پێ بكات و 14 مانگ بخایه‌نێ.
به‌ڵام له نێوان كشانه‌وه‌ى هێزه‌كان و دانوستاندن و به‌رده‌وامى شه‌ڕ، تره‌مپ ددان به‌وه ده‌نێت ئه‌فغانستان كێشه‌یه‌كى ئاڵۆزه، ئه‌و له دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى
فۆكس نیوزى ئه‌مه‌ریكى، كه له سه‌ره‌تاى ته‌مووزى ئه‌م ساڵ بڵاو كراوه‌ته‌وه و باس له‌م كێشه‌یه ده‌كات و ده‌ڵێ، "ده‌مه‌وێ له‌م وڵاته بچمه ده‌ره‌وه به‌ڵام ناتوانم، كێشه‌ى سه‌ره‌كى ئه‌وه‌یه ئه‌فغانستان تاقیگه‌ى تیرۆریستانه، من ناوى ده‌نێم زانكۆى هارڤاردى تیرۆریستان، ئه‌مه كێشه‌یه ده‌بێت هه‌میشه بیرى لێ بكه‌ینه‌وه".
هه‌رچه‌نده ماوه‌ى زیاتر له 10 رۆژه ئه‌مه‌ریكا سه‌ركه‌وتنى دانوستاندنى له‌گه‌ڵ تاڵیبان راگه‌یاندووه، وه‌ك تره‌مپ ئاشكراى كرد، كۆمه‌ڵێك به‌رپرسى تاڵیبان به‌نیاز بوون سه‌ردانى ئه‌مه‌ریكا بكه‌ن و له‌گه‌ڵ تره‌مپ له كامپ د‌یڤید كۆببنه‌وه، كه‌چى له ناكاو تڕه‌مپ دانوستاندنه‌كانى پووچه‌ڵ كرده‌وه.
رۆژى هه‌ینى رابردوو میدیاكانى ئه‌فغانستان ئاشكرایان كرد له‌م هه‌فته‌یه ئه‌شره‌ف غه‌نى سه‌رۆكى ئه‌فغانستان سه‌ردانى ئه‌مه‌ریكا ده‌كات، به‌ڵام دواتر باسیان له‌وه كرد به هۆكارى نادیار سه‌ردانه‌كه ره‌ت كراوه‌ته‌وه، ئه‌مشه‌و دۆناڵد تره‌مپ هه‌موو نهێنییه‌كانى ئاشكرا كرد. له تویتێكى تره‌مپ ده‌رده‌كه‌وێ ته‌نیا سه‌رۆكى ئه‌فغانستان سه‌ردانى ئه‌مه‌ریكا نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو به‌رپرسانى تاڵیبانیش به‌نیاز بوون له‌گه‌ڵ تره‌مپ كۆببنه‌وه.
هۆكارى رهتكردنهوهكهیش وه‌ك
تره‌مپ ئاماژه‌ى بۆ كردووه ئه‌وه‌یه بزووتنه‌وه‌ى تاڵیبان له ته‌قینه‌وه به‌رده‌وامه بۆ ئه‌وه‌ى گوشار بۆ سه‌ر ئه‌مه‌ریكا دروست بكات و پێگه‌ى خۆى له دانوستاندنه‌كان به‌هێز بكات.
به‌گوێره‌ى راپۆرتێك كه پێشتر له كه‌ناڵى
BBC بڵاو كراوه‌ته‌وه، له جه‌نگى 18 ساڵه‌ى ئه‌فغانستان، 841 ملیار دۆلارى خه‌رج كردووه، زیاتر له 110 هه‌زار كه‌سیش له ئه‌فغانییه‌كان به مه‌ده‌نى و سه‌ربازه‌وه كوژراون.
ئه‌مه‌ریكاش دوو هه‌زار و 350 سه‌ربازى له ئه‌فغانستان كوژراوه و 20 هه‌زار و 92 سه‌ربازیشى بریندار بووه.