عەلوەی نوێی سلێمانی دەكەوێتە بەشی ڕۆژئاوای سلێمانی و لە تەنیشت كارگەی چیمەنتۆی سلێمانی دروست كراوە، ئەنجوومەنی پارێزگاش دەڵێت، شوێنەكەی گونجاو نییە و داواى زانیارى لایەنی پێوەندیدار دەكرێت لەسەر ئەو شوێنەی كە دیاری كراوە و تەندروستی سلێمانیش دەڵێت، پرس بە ئێمە نەكراوە بۆ ئەو پڕۆژەیە.
ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی ئەیلوول ڕەمەزان نامیق سهرۆكى لیژنهی پلان و پڕۆژەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پڕۆژەی عەلوەی ڕۆژئاوای سلێمانی چەند ساڵێكە ئیشی تێدا دەكرێت و ئێستە 70٪ی كارەكانی تەواو كراون و گەورەترین عەلوەیە لەسەر ئاستی عێراق.
زیاتر روونی دەكاتەوە، گرفتی ئەو عەلوە ئەوەیە لە تەنیشت كارگەی چیمەنتۆی سلێمانی دروست كراوە و كارگەكە بەهۆی دووكەڵ و دروستكردنی تەپوتۆز، گرفت بۆ عەلوەكە دروست دەكات و ڕاستییەكەی بەهۆی ئەو كارگەیە نەدەبوو ئەو شوێنە دیاری بكرێت بۆ عەلوە.
"پڕۆژەكە لە لایەن شارەوانی سلێمانی جێبەجێ دەكرێت، بۆ ئەو مەبەستە چەند لایەنێكی پێوەندیدار بانگهێشتی ئەنجوومەن دەكرێن لەبارەی ئەو شوێنەی كە دیاری كراوە، هەریەكە لە سەرۆكایەتی شارەوانی و وەبەرهێنانی سلێمانی و تەندروستی و ژینگە و كۆمپانیای جێبەجێكار كە كۆمپانیای ڕۆژی نوێیە". رەمەزان نامیق وای گوت.
سەرۆکی لیژنەی پلان و پڕۆژەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێ، بەهۆی ئەو كارگەوە مەترسی گەورە لەسەر تەندروستی هاووڵاتییان دروست دەبێت لە رێی ئەو سەوزە و میوەیەی لەو عەلوەیە دادەنرێت و دواتر دەخرێتە بازاڕەوە.
هێرش سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ "وشە" ئاشكرای دەكات، ئەوكاتەی مۆڵەتی پڕۆژەكە وەرگیراوە هیچ پرسێك بە تەندروستی سلێمانی نەكراوە و ئێمە لێی ئاگادار نەكراوینەتەوە، پڕۆژەكە لە لایەن شارەوانی سلێمانی ئەنجام دەدرێت.
دووپاتی دەكاتەوە، بەهۆی بوونی كارگەكە لە تەنیشت عەلوەكە، ئەگەر ئەو خۆراك و میوە و سەوزانەی لە داهاتوو دەهێنرێنە ئەو عەلوەیە، بەشێوەی كاتی بمێننەوە، كێشە دروست ناكات، بەڵام ئەگەر میوە و سەوزەكان لە عەلوە هەڵبگیرێن، بەدڵنیاییەوە كێشەی تەندروستی دروست دەكات، ئەو خۆراك و مەوادانە پیس دەبن كە لە عەلوە دەمێننەوە بەهۆی دوكەڵ و تۆزی كارگەكە.
هاوكات ئاكۆ عەلی جێگری سەرۆكی شارەوانی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پڕۆژەكە كاتی خۆی وەبەرهێنان ئەنجامی داوە و داوای زەوی لە شارەوانی سلێمانی كردووە، شارەوانی تەنیا زەوییەكەی دابین كردووە.
جێگری سەرۆكی شارەوانی باس لەوەیش دەكات، هەركات بانگهێشتی ئەنجوومەنمان بەدەست گەیشت، سەرۆكی شارەوانی دەچێتە ئەنجوومەن و وەڵامی پرسیارەكانیان دەداتەوە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی