زانایەكی ئەمەریكی: بۆمب و فیشەكەكانی ئەمەریكا ژینگەی عێراقی بۆ هەزاران ساڵ ژەهراوی كردووە

:: PM:03:26:08/09/2019 ‌
هوجن سڤابیا پسپۆڕی زانستی ژەهرەكانی ژینگە لە زانكۆی میشیگانی ئەمەریكی دەڵێ، بەردانەوەی بەتۆنی مووشەك و هاوێشتنی ملیۆنان فیشەك وای كردووە عێراق ببێتە وڵاتێكی ژەهراوی بۆ هەزاران ساڵ.

ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی ئەیلوول، ماڵپەڕی "ساڵۆن ئەمەریكی" راپۆرتێكی لەسەر توێژینەوەیەكی هوجن سڤابیا پسپۆڕی زانستی ژەهرەكانی ژینگە بڵاو كردەوە، لە بەشێكی توێژینەوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە ئەمەریكا هەزاران تۆن چەكی سەربازی بەرەو عێراق بردووە لە كاتی جەنگی رووخانی رژێمی بەعس، لەوانە زریپۆش و تانك و هەمەڕ و باجەر و چەندان جۆری تر لە چەكی قورس و سووك، بەشێك لەو چەكانە بە جۆرێك لە یۆرانیۆم داپۆشیوە كە ئەویش جۆرێكە لە چەكی كیمیایی و مەترسی و زیانەكانی كەمتر نییە لە چەكی كیمیایی و بایۆلۆجی و توانایەكی زۆری هەیە بۆ لەناوبردنی ژینگە. گوتی "لە كۆتادا ئەوانە رێی خۆیان دەبیننەوە لە گۆڕەپانی ئەمباركردنی سەربازی ئەمەریكی كە تا ئێستە لە هەموو عێراق بوونی هەیە".

زیاتر گوتی "دەنگدانەوە و هەڵگەڕانەوەی پلەكانی گەرما و كەشوهەوای پەسند نەكراو، رێخۆشكەرە بۆ وەشاندنی ئەو جۆرە یۆرانیۆمە و پیسكردنی ژینگە و ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەو جۆرە یۆرانیۆمەیان پێوەیە كە ژەهرەكەی هەزاران ساڵ دەمێنێت و خەڵكی ئەو ناوچانە ژەهراوی دەكەن لە رێی خواردن و هەوا و ئاو".
 
ئەو پسپۆڕە ئەمەریكییە باس لەو دایكانە دەكات كە منداڵی شێواویان بووە، تەنانەت ئاماژە بۆ ئەوە دەكا كە ئەو یۆرانیۆم و سۆریۆمە زیانی بۆ ئەو منداڵانەش دەبێت كە هێشتا لە دایك نەبوونە. گوتی "دەرئەنجامی شیكاری یۆرانیۆمی بەكارهاتوو لەسەر پرچی منداڵانی عێراقی دەركەوتووە، بەتایبەت ئەوانەی لە زگماكەوە بەشێواوی لەدایك دەبن و لە ناوچەكانی ناسڕیە و شاری ئور دەژین لە نزیك بنكەی سەربازی ئەمەریكی".
 
هوجن سڤابیا زیاتر گوتی "یۆرانیۆم و سۆریۆم تەنانەت لەناو ددان و قژی ئەو منداڵانە دۆزراوەتەوە، تەنانەت لە مۆخی ئێسكەكانیشیان هەبووە، هەموو ئەوانەش لەو منداڵانە دۆزراوەتەوە كە بە ئیفلیجی لە دایك بوون".

جێی باسە ساڵی 2003، ئەمەریكا و بەریتانیا لە جەنگی كەنداوی دووەم رژێمی سەدام حوسێنی دیكتاتۆریان لە عێراق رووخاند، لەو جەنگەدا بەپێی راپۆرتە میدیاییەكان، سوپای ئەمەریكا چەندان جۆری چەكی بەكار هێناوە لە ناویاندا چەكی فۆسفۆڕی قەدەغەكراو.


وشە - فه‌رمان سادق