ئەمڕۆ ڕۆژی جیھانیی نەھێشتنی نەخوێندەوارییە

:: PM:09:10:08/09/2019 ‌

هه‌شتی ئەیلوولی ھەموو ساڵێک، ڕۆژی جیھانیی نەھێشتنی نەخوێندەوارییە و لە سەرتاسەری دنیا ھەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی نەخوێندەواری بەردەوامە و لە ھەرێمی کوردستانیش خوێندنگەی تایبەت بە کەسانی به‌ساڵاچوو کراوەیە، تا درێژە بە خوێندنیان بدەن.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م (هه‌شتی ئه‌یلوول) عومەر ساڵح، سەرپەرشتیاری یەکەی پەروەردە لە پەروەردەی ڕۆژھەڵات، بە "وشە"ی ڕاگەیاند: نەخوێندەواری دەردێکی کوشندەیە و کۆمەڵێک بەڵا بە دوای خۆیدا دەھێنێت، بەڵام خۆشبەختانە ئێسته‌ بە کەمترین ڕێژە ھەبێت کە دایکان و باوکان منداڵەکانیان نەخەنە بەر خوێندن، ئەمەش ڕەنگە بەھۆی باری دارایی یاخود لە شوێنێکی دوورەدەست بووبێت.

ئاماژەی بەوەش دا: ھەوڵەکان بەردەوامە تاوەکو نەخوێندەواری نەھێڵین، کە خوێندنگەی گەورەکان و خوێندنگەی نەخوێندەواریمان کردوەتەوە و ئێواران لە دوای خوێندنی ئاسایی وانەی تێدادەوترێتەوە.

"ڕێژەی وازھێنان لە خوێندن زۆرە، ئەمەش بەھۆی ئەوەی کە چواردەوری خوێندکارەکە پاڵەپەستۆی دەروومی دەخەنە سەر خوێندکارەکەیان بەوەی کە بۆچی ئەخوێنی، خۆ دواتر دانامەزرێیت، بەڵام ئەمە ھەڵەیە و گرنگە کە واز لە خوێندن نەھێنن، چونکە ئەگەر داشنەمەزرێن ئەوا بۆ داھاتوویان سودی ھەیە چونکە توانای زانست و زانیاریان زۆر دەبێت و توانای قسەکردنیان دەبێت و کەسانێکی ڕۆشنبیرن، لە کەرتی حکوومیش دانەمەزرێن ئەوا دەتوانن لە کەرپی تایبەت و لە ئیشی سەربەخۆ سوود لە زانست و پسپۆڕییەکەی ببینێ" عومەر ساڵح وای گوت.

لە ساڵانی ڕابردوو، لەبەرنامەی وەزارەتی پەروەردەدا نەخشە و پلانی بۆداڕێژرا کە لەژێر دروشمی "بەرەو کوردستانێکی خاڵی لەنەخوێندەواری" ھەوڵەکان چڕوپڕتر بکەنەوە بۆبنبڕکردن وکەمکردنەوەی رێژەی نەخوێندەواری لە ھەرێمی کوردستان .

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان/ یۆنیسکۆ دەری خستووە، ملیۆنان کەسی نەخوێندەوار لە جیھاندا ماون کە دەکاتە پێنج یەکی ژمارەی پێگەیشتووانی جیھان و کە ناتوانن بخوێنن وبنوسن، جگە لە زیاتر لە 50 ملیۆن منداڵ نەچونەتە بەرخوێندن و لەدەرەوەی بازنەی سیستەمی فێربوونی قوتابخانەیین.

ھەروەھا رێکخراوه‌ نێودەوڵەتییەکان و وڵاتان بەھەرێمی کوردستانیشەوە لەسەرگرنگیدان بەھەڵمەتی نەھێشتنی نەخوێندەواری و فێرکردنی گەورە بۆھەمووان و چونە بەرخوێندن وکەمکردنەوەی رێژەی وازھێنان ودابڕان لەقوتابخانەوخوێندنگە­کاندا پێداگیری دەکەن بۆگەیشتن بەئامانجەکان.

سلێمانی - ئاریان محەمەد



وشە - كوردۆ شابان