ئاژانسی بۆشاییگه‌ری ئاسمانی ئه‌مه‌ریكا "ناسا" بڵاوی كرده‌وه، كه هه‌سارۆچكه‌یه‌كی گه‌وره به ئاراسته‌ی گۆی زه‌وی له جوڵه‌یه‌كی خێرادایه و پێشبینی ده‌كرێ بكه‌وێته سه‌ر زه‌وی.
ئه‌و هه‌ساره‌یه له ئه‌گه‌ری كه‌وتنه خواره‌وه‌ی بۆ سه‌ر گۆی زه‌وی به قوڵی سێ كیلۆمه‌تر زه‌وی قووڵ ده‌كات و زیانێكی یه‌كجار گه‌وره به‌و ناوچه‌یه ده‌گه‌یه‌نێت، كه تێیدا ده‌كه‌وێته خواره‌وه.
تیره‌ی ئه‌و هه‌سارۆچكه‌یه 380 مه‌تر ده‌بێ و به خێرایی 49 هه‌زار و 84 كیلۆمه‌تر له سه‌عاتێكدا به‌ره‌و زه‌وی له ڕێدایه و زانایان هۆشداری ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر هاتوو به كه‌ناری زه‌وی تێپه‌ڕ ببێ، كارێكی ئاسایی و بێ كێشه ده‌بێت، به‌ڵام گه‌ر به‌ر زه‌وی بكه‌وێت، ئه‌وا كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
ناسا به وردی چاودێری جووڵه‌ی ئه‌و هه‌سارۆچكه‌یه ده‌كات و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه 4.6 ملیۆن میل له زه‌وییه‌وه دووره و له جۆری هه‌سارۆچكه مه‌ترسیداره و قه‌باره گه‌وره‌كانه، گه‌ر به ناوچه‌یه‌كی ئاوه‌دانی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی بكه‌وێت، ئه‌وا به هه‌زاران قوربانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
تا ئێسته نه‌توانراوه به وردی یه‌كلایی بكرێته‌وه، كه هه‌سارۆچكه‌كه به‌ره‌و زه‌وی به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ دێت، یان به نزیك زه‌وییه‌وه تێپه‌ڕ ده‌بێ و بۆ نێو گه‌ردوون ده‌ڕوات و له كۆمه‌ڵه‌ی خۆر دوور ده‌كه‌وێته‌وه، به‌ڵام وه‌ك ئه‌گه‌رێك زانایان هۆشداری ده‌ده‌ن و دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه پێویسته له ئاماده‌باشیدا بین، له ئه‌گه‌ری هاتنی به‌ره‌و ڕووی زه‌وی.