"رێکخراوێکی ساختە بەناوی کەمئەندامانەوە پارە لە خەڵکی دەوڵەمەند وەردەگرن"

:: AM:11:13:10/09/2019 ‌

کۆمەڵەیەکی تایبەت بە کەمئەندامان سکاڵا لەسەر چەند کەسێک تۆمار دەکات و دەڵێ، ئەو کەسانە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانیان بەکار هێناوە و بەناوی ئەوانەوە پارەیان لە سەرمایەدارا و دەوڵەمەدەکانی کوردستان وەرگرتووە.

ئەمڕۆ سێشەم 10ی ئەیلوول، حوسێن سالح كارگێری لقی گەرمیانی كۆمەڵەی "رۆژ"ی تایبەت بە خاوەن پێداویستی تایبەت، بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەی چەند رۆژێكە كەسانی نەناسراو بەناوی رێكخراوی خێرخوازییەوە دەستیان كردووەتە كاری نابەجێ و لەلایەك كەمئەندامان فریو دەدەن و لەلایەكی تریش بەناوی كەمئەندامانی گەرمیانەوە پارە لە كەسانی دەوڵەمەند وخاوەن سەرمایە وەردەگرن.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئێمە بەدواداچوونمان كردووە و بۆمان دەركەوتووە ، ئەو کەسانە چوونەتە لای دەوڵەمەندێک و داوایان لێ کردووە بۆ هاوکاری کەمئەندامان پارەیان پێ بدات، لەگەڵ ئەوەیش چوون بۆ ماڵی كەمئەندامێک و پێیان گوتوون بۆ راییكردنی كارەكانتان پێویستیمان بە كارتی مۆبایلە بۆیە زیاتر لە 10 كارتیان لە خێزانێكی كەمئەندام وەرگرتووە.

ئەوبەرپرسەی كۆمەڵەی رۆژ دووپاتی دەکاتەوە، ئەگەرچی پێشتر ئەو جۆرە فێڵ و تەڵەكەیە بەرامبەر بە كەمئەندامان كراوە و تەنیا بە لێدوانی بەرپرسان ئاشكرا كراوە، بەڵام ئێمە ژمارەمان دەستكەوتووە و گوتەی خەڵكمان لایە بۆیە سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكەین.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان