بڕیارێكی نوێ‌ بۆ قەرەبووی گوندی كۆری دەرچوو

:: AM:11:38:10/09/2019 ‌
سەرۆكایەتی شارەوانیی هەولێر فەرمانێكی كارگێڕی دەردەكات بۆ زەوییەكانی گوندی كۆری بەمەبەستی دیاریكردنی كۆڵانەكان و گەیاندنی خزمەتگوزاری.

ئەمڕۆ سێشەم 10ـی ئەیلوول،  بەپێی نووسراوێكی سەرۆكایەتی شارەوانیی هەولێر کە وێنەیەکی دەست "وشە" كەوتووە تێیدا هاتووە، بۆ مەبەستی سەرپەرشتیكردن و دیاریكردنی شەقامەكان لەسەر زەوییەكانی گوندی كۆری هاووڵاتییان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە.

نووسراوی سەرۆكی شارەوانی بە ژمارە 13495/10 و فەرمانی كارگێڕییە و چەند ڕووپێو و ئەندازیارێك بۆ كارەكە دەستنیشان كراون.

فەرمانی كارگێڕی سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر بۆ دەست بەكاربوونی گەیاندنی خزمەتگوزارییە بۆ گەڕەكی بەختەوەری ناسراو بە قەرەبووی گوندی كۆری.

سەرەتای ئەمساڵ زیاتر لە چوار هەزار بەشداربووی گوندی كۆری بە پارچە زەوییەك قەرەبوو كرانەوە، لە كەرتی گەزنە زەوییان پێ‌ درا و ئێستە هەوڵەكان بۆ مەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزارییە.

لە ساڵی 2014 كۆمپانیایەكی كۆری پڕۆژەی چوار هەزار یەكەی نیشتەجێبوونیان لە سنووری پارێزگای هەولێر وەرگرتووی و سەرقاڵی دروست كردنیەتی بۆ هاووڵاتییانی كرێنشین كە لە ڕێی پڕكردنەوەی فایل و سەردانكردنی تیمی تایبەتمەند بۆ ئەوەی دڵنیایی هەبێت لە كرێنشینیی كەسی سوودمەندبوو.



وشە - رامیار جەواد